رووداو دیجیتاڵ
دیلمان رۆکان، یاریزانی یانەی سیروانی نوێ بەهۆی کێشەکانی لەگەڵ راهێنەری یانەکە بڕیاری داوە یانەکە بەجێبهێڵێت و ئەو یاریزانە بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند "کاتێک راهێنەر یارییم پێنەکات بۆچی بمێنمەوە؟".
دیلمان رۆکان، هێرشبەری یانەی سیروانی نوێ، وەرزی رابردوو لەگەڵ یانەی شێروانە نازناوی خولی نایابی کوردستانی بەدەستهێنا و یەکێک بوو لە گۆڵکەرەکانی وەرزی رابردووی یانەکە، هاوینی رابردوو پەیوەندی بە یانەی سیروانی نوێ کرد.
دیلمانی 28 ساڵان، لە لێدوانێکیدا بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند "غەریب محەممەدی راهێنەری یانەی سیروانی نوێ، لە هیچ یارییەکدا پشتم پێ نابەستێت، دوو یاریی لەمەوبەر یاریی پێکردم و دوو گۆڵم تۆمارکرد، بەڵام دووبارە منی کردەوە یەدەگ، بۆ بڕیارم داوە یانەکە بەجێبهێڵم و یانەکەشم لاری نییە لە دەستبەرداربوونم".
هێرشبەرە گەرمیانییەکە، سەبارەت بە داهاتووی خۆی دەڵێ "لەگەڵ یانەی زاخۆ گەیشتوومەتە رێککەوتن و لە دوو رۆژی داهاتوودا، بەفەرمی پەیوەندی بەو یانەیەوە دەکەم و دڵنیام لەوەی ئێستاش دەتوانم رکابەریی لەسەر گۆڵکاری ئەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان بکەم".
یانەی سیروانی نوێ لەسەر هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی دیلمان رۆکان، بە رووداو سپۆرتس راگەیاند" ئێمە لەسەر رەزامەندی راهێنەر رێگەمان بە رۆیشتنی یاریزانەکە داوە و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازین"
دیلمان رۆکان، یاریی بۆ هەریەکە لە یانەکانی نەورۆز، قەڵادزێ، سیروانی نوێ و شێروانە کردووە و ماوەی 10 ساڵە لە یارییکردن بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ