رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی ئاشکرایکردووە کە ئەمشەو هانزی فلیکی راهێنەری بارسێلۆنا بڕیاریداوە بەهێزترین پێکهاتەی بەکاربهێنێت بۆ بردنەوە لە ئاتلێتیک بیلباو و گەیشتن بە یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا.
ئەمشەو کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، بارسێلۆنا لە سعودیە، لە یاریی پێشکۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیادا رووبەڕووی ئاتلێتیک بیلباو دەبێتەوە و براوەی یارییەکە دەچێتە یاریی کۆتایی و رووبەڕووی براوەی یاریی دووەمی قۆناخی پێشکۆتایی لەنێوان ریال مەدرید و ئاتلێتیکۆ مەدرید دەبێتەوە.
راپۆرتێکی رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی پێکهاتەی سەرەکی یانەی بارسێلۆنای ئاشکراکرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاتلێتیک بیلباو لە قۆناخی پێش کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا و دەڵێت "هانزی فلیک بڕیاری داوە بە باشترین پێکهاتەی یاری بکات".
بەپێی ئەو راپۆرتەی سپۆرت، فلیک بڕیاریداوە لەم یارییەدا بەشێوەی سەرەکی یاری بە فرێنکی دی یۆنگ نەکات و رۆبێرت لیڤاندۆڤسکیش بگەڕێنێتەوە پێکهاتەی سەرەک و دەڵێت "فلیک بڕیاریداوە سێ هێرشبەری رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، رافینیا و لامین یامال بخاتە نێو یاریگە، چونکە دەیەوێت هەرزوو گوشار بخاتە سەر گۆڵی ئاتلێتیک بیلباو".
پێکهاتە چاوەڕوانکراوەکەی بارسێلۆنا بەپێی سپۆرت بەمشێوەیە:
خوان گارسیا گۆڵپارێزی سەرەکی دەبێت. لە هێڵی بەرگری، جیرارد مارتن و پاو کوبارسی لە دڵی بەرگری یاری دەکەن و باڵدێ و کۆندێ لە هەردوو باڵی بەرگری دەبن.
لە ناوەڕاست پشت بە ئێریک گارسیا و فێرمین لۆپێز و پێدری دەبەستێت و لە هێڵی هێرشبردنیش رافینیا و لامین یامال لە هەردوو باڵ و لیڤاندۆڤسکی وەک سەرەڕم یاری دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ