ڤیدیۆ؛ لێدوانی راهێنەر و یاریزانان.. فلیک و ڤالڤێردی رێز لە تیپەکانیان دەگرن

دوێنێ کاژێر 12:22
ئیحسان تاهیر
فلیک، نیکۆ، گارسیا و ڤالڤێردی
فلیک، نیکۆ، گارسیا و ڤالڤێردی
نیشانەکردن بارسێلۆنا ئاتلێتیک بیلباو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، دەڵێت "یارییەکەمان بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو ئاسان نابێت". ئێرنیستۆ ڤالڤێردیش دەڵێت "ئێمە بەربژێر نین بۆ بردنەوە لە بارسێلۆنا، بەڵام دەکرێت لە 90 خولەکدا زۆر شت رووبدات".
 
ئەمشەو کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، بارسێلۆنا لە سعودیە، لە یاریی پێشکۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیادا رووبەڕووی ئاتلێتیک بیلباو دەبێتەوە و براوەی یارییەکە دەچێتە یاریی کۆتایی و رووبەڕووی براوەی یاریی دووەمی قۆناخی پێشکۆتایی لەنێوان ریال مەدرید و ئاتلێتیکۆ مەدرید دەبێتەوە.
 
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، لە بارسێلۆنا، خوان گارسیا گۆڵپارێز لەگەڵ هانزی فلیکی راهێنەر ئامادەی کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بوو، لە ئاتلێتیک بیلباویش نیکۆ ویلیامز لەگەڵ راهێنەرەکەی ئێرنیستۆ ڤاڵڤێردی قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
 
ئەمە پوختەی قسەکانی هەر چواریانە:
 
هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا:
 
ئێستا ئێمە بەرامبەر باشترین تیپەکانی ئیسپانیا یاری دەکەین، بۆیە بەڕای من  ئاتلێتیک بیلباو لە هێڵی هێرشبەریدا بژاردەی زۆریان هەیە، یاریزانی زۆر باشیان بۆ دەگەڕێتەوە، بۆیە یارییەکی ئاسان نابێت. نابێت هەمان ئەو هەڵانە بکەینەوە کە رۆژی شەممە کردمان، چونکە ئاسان نابێت. دەبێت کار لەسەر ئەو شتانە بکەین، ئەمڕۆ ئەوە دەکەین و هیوادارم  ئەنجامەکەی ببینین.
 
بە دوو یاری نازناو دەبەیتەوە؛ ئەمە کورتترین رێگایە بۆ گەیشتن بەمە و ئەمەش هاندەرێکی پێویستە. وەک یانەیەک، وەک بارسێلۆنا، تۆ دەتەوێت نازناوەکان بەدەستبهێنیت. ئەمە ئەو شتەیە کە هاندەران دەیانەوێت بیبینن، ئەوەیە کە یانەکە دەیەوێت و بێگومان یاریزانەکانیش هەمان ویستیان هەیە. ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی باشترینی خۆمان پێشکەش بکەین بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بین. ئێمە ئەوەمان دەوێت.
 
لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا لە بارودۆخێکدا بووین کە دەبوو لەگەڵ ئەو یاریزانانەی دەهاتن زۆر زیرەکانە رەفتار بکەین. ئێمە وەک ئەو  یانانەی دیکە نین کە دەتوانن سەدان ملیۆن بۆ یاریزانی نوێ خەرج بکەن. بەڵام ئەمە باشە، خۆشحاڵم کە دەبینم یاریزانەکان چۆن بەرەوپێش دەچن. ئەمە باشترین دۆخە بۆ من و پێموایە بۆ یانەکەش باشە. یاریزانە گەنجەکان دەتوانن گەشە بکەن و زۆر باشتر بن، ئێمەش باوەڕمان پێیانە. ئێستا بژاردەی ئەوەمان هەیە یاریزانێکی بە ئەزموون بهێنین کە لە بەرزترین ئاستیدایە لە هێرشبەریدا. ئێمە خاڵە بەهێزەکانی دەزانین، هەروەها خاڵە لاوازەکانیشی دەزانین.
 
 
خوان گارسیا، گۆڵپارێزی یانەی بارسێلۆنا:
 
من هێشتا گۆڵپارێزێکی زۆر گەنجم و زۆر شتم ماوە پەرەیان پێبدەم، هەر لەبەر ئەوەشە رۆژانە کاردەکەم و دەزانم کە هێشتا بوارێکی زۆرم لەپێشمە بۆ بەرەوپێشچوون. لەو سۆنگەیەوە، هەوڵ دەدەم لە یارییەکاندا باشترین ئاستی خۆم پێشکەش بکەم. یارییەکەی پێشوو بۆ من تایبەت بوو، پێشموایە ئاستێکی باشم هەبوو و سێ خاڵی یارییەکەشمان بەدەستهێنا. بۆیە زۆر دڵخۆشم بەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا دەزانم کە دەتوانم شتی زیاتریش پێشکەش بکەم..
 
ئێرنیستۆ ڤاڵڤێردی، راهێنەری یانەی ئاتلێتیک بیلباو:
 
ئایا ئەم پاڵەوانێتییە تەنیا بۆ ئەوە دروستکراوە  یاریی کۆتایی نێوان ریال مەدرید و بارسێلۆنا ببینرێت؟ باشە، زیادەڕۆیی مەکە. بەڵام لەڕاستیدا بەڵێ، ئەم شێوازی بەڕێوەچوونە وامان لێدەکات پێشبینی ئەوە بکەین کە ئێمە لێرەین، چونکە ریال مەدرید و بارسێلۆناش لێرەن، ئەوە ئەو شتەیە کە گەورەترین چاوەڕوانی دروست دەکات. ئەمە ئاساییە. بەڵام دەبێت یارییەکەی ئێمەش ئەنجام بدرێت، لەو 90 خولەکەیەدا زۆر شت دەکرێت رووبدات. پێویستە سوود لەوە وەربگرین. بێگومان ئیمە تیپی بەربژێر نین، بەڵام ئەمە دەرفەتێکە بۆمان و پلانمان هەیە باشترین سوودی لێ وەربگرین.
 
دۆخەکە هەر بەو شێوەیەیە کە لەدوایین یارییدا 4-0 لێیان بردینەوە. ئێمە قبوڵی دەکەین و پێشتریش دەزانین ئەو یارییەی لەوێ کردمان بۆمان سەخت بوو. ئەوان زۆر خێرا پێشکەوتن. بەڵام باشە، لە کۆتاییدا هیچ شتێک پێشوەختە نەنووسراوە. ئەوەی پێویستە بنووسرێتەوە، دەبێت دوای یارییەکە بنووسرێتەوە."
 
ئێمە تیپێکین کە لە شێوازی یاریکردنماندا دووچاری هەندێک سەختی بووینەتەوە، بەڵێ ئێمە بارسێلۆنا نین. ئێمە خاڵی بەهێزی دیکەمان هەیە، و تیپێکین کە هەموو شتێک لە ناو یاریگەدا پێشکەش دەکەین. ئێمە خاوەنی رۆحێکی جەنگاوەرین، بە خاڵە بەهێز و لاوازەکانمانەوە، هەموو توانایەکمان دەخەینە نێو یاریگە. بەیانیش هەر بەو شێوەیە دەبێت. نازانم ئەنجامەکە چی دەبێت، چونکە زۆر فاکتەر هەن کە دەبێت رەچاو بکرێن، بەڵام ئەوە شتێکە کە هاندەرانمان لە ئێمە دەخوازن.
 
 
ئیناکی ویلیامز، هێرشبەری یانەی ئاتلێتیک بیلباو:
 
ئێمە حەزمان لێیە بە بێدەنگی کارەکانمان بکەین. پێموایە گێڕانی رۆڵی  سیندرێلا بۆ ئێمە ئەرێنییە. لەوانەیە گوشارێکی کەمترمان لەسەر بێت و بتوانین هەمووان سەرسام بکەین. پێشتریش لەساڵی 2021 ئەو کارەمان کرد و دەمانەوێت دووبارەی بکەینەوە. دەمانەوێت بگەڕێینەوە سەر رێڕەوی سەرکەوتنەکان و متمانە بۆ خۆمان بگەڕێنینەوە، بۆ ئەوەی ساڵی 2026 هەموومان پڕ بین لە متمانە. هەموومان مێشکمان ساف کردووەتەوە و چەند رۆژێکمان لەگەڵ خێزانەکانمان بەسەربردووە، بەڵام ئێستا دۆخی رکابەری چالاک بووە و بۆ بردنەوە یاری دەکەین.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە