ڤیدیۆ؛ لە یارییەکی خولی کوردستان شەڕ و ئاژاوە روویدا

07-02-2019
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
خولی نایابی کوردستان
خولی نایابی کوردستان
نیشانەکردن خولی نایابی کوردستان
A+ A-

رووداو - هەولێر

دوای کۆتاییهاتنی یاریی نێوان هەردوو یانەی هەندرێن و برایەتی، لە دەستپێکی رکابەرییەکانی گەڕی 15ـی خولی یانە نایانەکانی کوردستان، شەڕ و ئاژاوە روویدا.

لە گێمی یەکەمی یارییەکەدا برایەتی بە تۆمارکردنی گۆڵێکی لە رێگەی وڵات عەمێ، یاریزانی پیشەگەری سووری تۆمارکرد و پێشکەوت، لە گێمی دووەمدا هەندرێن لە رێگەی ماجد سەلامە ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە و یارییەکە بەو ئەنجامە کۆتاییهات.

محەممەد کارێزی پەیامنێری رووداو لە شوێنی رووداوەکە رایگەیاند، دوای ئەوەی ئۆمێد مستەفا، ناوبژیوانی یارییەکە 5 خولەکی بۆ یارییەکە زیادکرد، هاندەران و دەستەی کارگێری یانەی برایەتی نارەزایەتییان بەرامبەر ئەو بڕیارەی ناوبژیوان پێشاندا و دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە چەند کەسێک هاتنە نێو یاریگە و هێرشیانکردە سەر ناوبژیوانی یارییەکە.

رێبوار نەجمەدین، کاپتنی یانەی برایەتی بە رووداوی گوت، لە هیچ یاسایەک نییە پێنج خولەک زیادبکرێت و شەش خولەک بڕوات، من قسە لەسەر ئەوە ناکەم و یانەی برایەتی با ئەوە لەگەڵ یەکێتی تۆپی پێی کوردستان یەکلاییبکاتەوە، هەروەها یاریزانەکە ترسی خۆیشی لە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بۆ قسەکردن دەربارەی ناوبژیوانی یارییەکە نەشاردەوە.

حاکم جەمال، سەرۆکی یانەی هەندرێن لە رێگەی رووداو بە تووندی ئیدانەی ئەو هێرشکردنەی سەر ناوبژیوانی یارییەکە دەکات و دەڵێت، ئەوەی روویدا کارێکی ناسروشتییە و هەموو هەوڵێکماندا بارودۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەین، بەڵام هەندێک کەس دوور لە گیانی وەرزشی بوونە هۆکاری دروستکردنی ئەو گرژییە.

سەرۆکی یانەی هەندرێن لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بۆ رووداو گوتی، ئێمە رێگە نادەین لە یاریگەی ئێمەدا هێرشبکرێتە سەر ناوبژیوانان و ئێمەش وەک بینەر سەیری بکەین.

لەلایەن خۆیەوە دڵشاد مەعرووف راهێنەری یانەی هەندرێن دوای یارییەکە بە رووداوی راگەیاند، نیگەرانن لەوەی کە دوای یارییەکە روویدا و گوتیشی، نەمانزانی کێ هاندەرە و کێ دەستەی کارگێرییە و بەشێوەیەکی ناراستەوخۆ یانەی برایەتیی بە هێرشکردنە سەر ناوبژیوانی یارییەکە تومەتبار کرد.

دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە بە 20 خولەک بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکان ناوبژیوانەکانی یارییەکە لەنێو یاریگە مانەوە و لە ترسی هاندەران نەیانتووانی بچنە دەرەوە.

ئەمڕۆ لە گەڕی 15ـی خولی نایابی کوردستان سێ یاری بەڕێوەچوون، دوو یاری بە یەکسانبوون کۆتاییهات و دەربەندیخانیش پێشمەرگەی هەولێری تووشی شکستکرد.

لە یاری یەکەمدا و لە هەولێر یانەی برایەتی بووە میوان یانەی هەندرێن و یارییەکەش بە ئەنجامی گۆڵێک بۆ هەردوولا کۆتاییهات. دوای یارییەکەش گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان هەردوو یانەدا روویدا، بەوەی کە ناوبژیوانی یارییەکە ستەمی لە یانەی برایەتی کردووە.

یانەی دەربەندیخانیش لە نێو یاریگای هاندەرانیدا سەرکەوتنێکی گرنگی بەدەستهێنا و بە تاکە گۆڵێکی بێوەڵام شکستی بە یانەی پێشمەرگەی هەولێر هێنا، گۆڵەکەی یارییەکەش لەلایەن شوانە کەمال بە لێدانی سزا تۆمارکرا.

یانەی پێشمەرگەی سلێمانیش لە نێو یاریگای خۆیدا بە گۆڵێک لەگەڵ یانەی زاخۆ یەکسان بوون.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە