گەڕی ململانێیە تووندەکە بەڕێوەدەچێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سیڤەر بێستوون
نیشانەکردن خولی نایابی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

رۆژی هەینی چوار یاریی لە گەڕی نۆیەمی خولی نایابی کوردستان بەڕێوەدەچن و تیپە بەهێزەکان و راهێنەرە بەهێزەکان رکابەریی لەسەر دوایین سێ خاڵی ئەم ساڵدا دەکەن. 
 
ئاکرێ – شێروانە 
 
یونس سلێمانی راهێنەری نوێی یانەی ئاکرێ لە یەکەم یارییدا رووبەڕووی شێروانەی عادل عەلی دەبێتەوە و رکابەرییەکی تووند لەسەر بەدەستهێنانی ئەم سێ خاڵە دەکات. 
 
شێروانە، لە دوای گەڕانەوەی عادل عەلی راهێنەری  یانەکە لە کۆی حەوت یارییدا تامی شکستی نەکردووە، پێنج یاریی بردووەتەوە و دوو یارییش یەکسانبوونە. ئاکرێش یەکەم یاریی خۆی لەژێر سەرپەرشتی یونس سلێمان ئەنجام دەدات و چاوی لەوەیە بگەڕێنەوە ریزەکانی پێشەوەی خولەکە. 
 
بارودۆخی شێروانە لەوپەڕی باشیدایە و بەبینینی من یەک خاڵ لەم یارییەدا بۆ شێروانە جیاوازییەکی زۆری نییە لەگەڵ سێ خاڵ، چونکە یاریگای ئاکرێ بە یەکێک لە پڕ هاندەرترین یاریگا ناسراوەکان دادەنرێت و چاوەڕوان دەکرێت کاریگەری هاندەر و گۆڕینی راهێنەر بەسەر یاریزانەکانەوە دیار بێت و ئاستەنگییەکی زۆر رووبەڕووی کوڕانی گەرمیان بکەنەوە. 
 
ئاکرێ بە کۆکردنەوەی 9 خاڵ لە پلەی هەشتەمی ریزبەندییە و شێروانەش 13 خاڵی هەیە و دووەمە. 
 
رزگاری - سیروانی نوێ  
 
یارییە بەهێزەکە بەڕێوەدەچێت و ئەمجارەیان رکابەرییە لەسەر پلەکانی پێشەوە و دوو یانەی ئاست جێگیری خولەکە رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە و هەردوو یانە بە ئومێدی گەیشتنە پلەکانی پێشەوە یاری دەکەن.
 
یانەی رزگاری، ئەم وەرزە خاوەن زۆرترین یەکسانبوونە و لە کۆی هەشت یارییدا خاوەنی شەش یەکسانبوونە و هیچ دۆڕانێکی نییە و سیروانی نوێش ئەم تیپە هێرشبەرییەیە کە هەموو خولەکەی سەرسامکردووە بەشێوازی یارییکردنەکەی. 
 
رزگاری لە کۆی هەشت یارییدا 12 خاڵی هەیە و لە پلەی سێیەمی ریزبەندیدایە. سیروانی نوێش 1 خالی هەیە و پێنجەمە.
 
زاخۆ – قەڵادزێ 
 
دوو یانە، کە لە سەرەتای وەرزەوە چاوەڕێ دەکرا  یەکێک بن لە باشترین پێنج یانەکەی خولەکە، بەڵام هەشت گەڕ رۆیشتووە و هەتاوەکو ئێستا نەبوونەتە جێی رەزامەندی هاندەرانیان. 
 
زاخۆ وەرزی رابردوو رکابەریی لەسەر پلەکانی پێشەوە دەکرد، بەڵام ئەم وەرزە نەک رکابەریی ناکات، بەڵکو پەلەقاژەی رزگاربوونیەتی لە پلەکانی خوارەوەی ریزبەندیی و لە کۆی هەشت یارییدا خاوەنی تەنیا 9 خاڵە و لە پلەی 10ـی ریزبەندییە. قەڵادزێش یانە تازە سەرکەوتووەکەی خولەکەیە و لە کۆی هەشت یارییدا تەنیا خاوەنی نۆ خاڵە و لە پلەی هەشتەمی ریزبەندیی خولەکەیە.
 
پیشەسازی – هەندرێن 
 
هەندرێنی پێشەنگ رووبەڕووی یانەی پیشەسازی دەبێتەوە و هەردوو یانە پێویستییەکی زۆریان بەم سێ خاڵە هەیە، هەندرێن بۆ ئەوەی پێشەنگی خۆی قایمتر بکات و پیشەسازیش دەیەوێت لە ناوچەی دابەزین رزگاری بێت. 
 
هەندرێن بە 16 خاڵ پێشەنگە و بە بردنەوەی ئەم یارییە پێشەنگی خۆی بەهێزتر دەکات، چونکە یانەی شێروانەی دووەمی ریزبەندی یارییەکی قورسی لەگەڵ ئاکرێ هەیە، بۆیە هەندرێن ئەم یارییە بە گرنگ دەزانێت. 
 
پیشەسازیش لە دوایین گەڕدا بۆ یەکەمجار سەرکەوتنی بەدەستهێنا و لە سیروانی نوێ بردەوە و بۆ ئەوەی یانەکە لە ناوچەی دابەزین رزگاری بێت پێویستی بەم سێ خاڵە هەیە، چونکە پیشەسازی لە کۆی ‌هەشت یاریی خاوەنی هەشت خاڵە و لە پلەی 11ـی ریزبەندی دەبینرێت. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە