رووداو دیجیتاڵ
راهێنەری یانەیەکی خولی نایابی کوردستان گلەیی لە شێوازی بەڕێوەچوونی یارییەکانی خولەکە هەیە و بە رووداوسپۆرتسی گوت "ناکرێت لە خولی کوردستان 6 مانگ یاری بکەیت و شەش مانگیش لە ماڵەوە بیت". سکرتێری یەکێتیی تۆپی کوردستانیش راگەیاند، خولی نایابی کوردستان ئەم وەرزە زووتر بەڕێوەدەچێت و گوتی "بەڕێژەی 80٪ لە 1ـی10ـی2025 بەڕێوەدەچێت و هەوڵدەدەین کارەکان رێکوپێکتربن".
دڵشاد مەعرووف، راهێنەری یانەی هەندرێن، لە رێگەی رووداو سپۆرتسەوە داوا دەکات ستافی نوێی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان جیاوازبن و گۆڕانکاری لە شێوازی بەڕێوەچوونی خولی نایابی کوردستان بکەن.
ئەو راهێنەرە لە لێدوانێکیدا سەبارەت بە بەڕێوەچوونی یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند "هیوادارین ئەم ستافە نوێیەی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان جیاوازبن و ئەم وەرزە زووتر یارییەکانی خولەکە دەستپێبکەن، چونکە ناکرێت 6 مانگ یاریی بکەیت و شەش مانگیش لە ماڵەوە بیت، ئەوە کێشەیەکی گەوەرەیە، چونکە بەهۆی ئەوەوە من تاوەکو ئێستا لەگەڵ یانەکەم دانەنیشتووم لەسەر ئەوەی پلانێک بۆ وەرزی داهاتوو دابنێین".
دڵشاد مەعرووف زیاتر گوتی "ئەگەر خول زووتر دەستپێبکات و یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان ئامادەکارییەکانی بکات، ئەوا یانەکانیش زوو دەکەونە خۆیان و ئامادەکارییەکان دەستپێدەکەن".
رووداو سپۆرتس ئەم داوایەی راهێنەری یانەی هەندرێنی بردە یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان و محەممەد خۆشناو، سکرتێری یەکێتی تۆپی پێی کوردستان لە وەڵامدا بەڵێنی ئەوەی دا کە جیاوازبن و گوتی" لە سەرەتای دەستپێکردنمانەوە پێشینەمان ئەوە بووە ئەو وەرزە یارییەکان زووتر دەستپێبکەن، هەر بۆیە داوامان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، ئەو بڕە پارەمان بۆ تەرخان بکەن کە پێویستمانە و بەخۆشحاڵییەوە ئەوانیش بەڵێنیان پێداوین کە پێداویستییەکانمان بۆ دابین بکەن".
ئەو بەرپرسەی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان، زیاتر گوتی "ئەگەر پارەکە لە کاتی خۆیدا بگات، ئەوا بۆ 1ـی10ـی2025 خولی نایابی کوردستان دەستپێدەکات".
وەرزی رابردوو لە 7ـی11ـی2024 یارییەکانی خولی نایابی کوردستان دەستیپێکرد، بەڵام ئەم وەرزە بەپێی پلانەکان هەوڵدەدرێت زووتر دەستپێبکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ