هەندرێن پێگەی خۆی لە پێشەنگی خولی نایاب بەهێزتر کرد و ئاکرێ لە دوایین خولەکدا لە رانییەی بردەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سیڤەر بێستوون
نیشانەکردن خولی نایابی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
ئەمڕۆ هەینی یارییەکانی گەڕی 13ـی خولی نایابی کوردستان کۆتایی هات و یانەی هەندرێن پێگەی خۆی لە پێشەنگی ریزبەندیی قایمتر کرد و ئاکرێش لە دوایین خولەکدا سێ خاڵی لە رانیە وەرگرت و شێروانەش لە یاریگای خۆیاندا یەکسانبوو. 
 
هەندرێن 3 – 1 دەربەندیخان

 

یاریی یەکەم، هەندرێن و دەربەندیخان رووبەڕووی یەک بوونەوە، هەندرێن لە یاریگای خۆیەوە ئامانجی بەدەستهێنانی ئەم سێ خاڵە بوو، دەربەندیخانیش لە دوایین پلەی ریزبەندی خولەکەدا دەیویست دوو بۆ سێ پلە سەربکەوێت و هەنگاو بەرەو پلەکانی پێشەوە بنێت، بەڵام هەر لەسەرەتای یارییەکەوە هەندرێن باڵادەست بوو سەرهەد حوسێن ساڵح، گۆڵی پێشکەوتنی بۆ هەندرێن تۆمارکرد، لە گێمی دووەمدا کوڕە تازە دەرکەوتووەکەی خەبات، ئاری زرار، لە خولەکی 75 گۆڵی دووەمی تۆمارکرد و شادومان سەباحی هێرشبەری هەندرێن لە خولەکی 83 گۆڵی یەکلاییکردنەوەی یارییەکەی تۆمارکرد. لە دوایین خولەکی یارییەکەشدا هەڤاڵ محەممەد، تاکە گۆڵەکەی دەربەندیخانی تۆمارکرد. 
 
یانەی هەندرێن بە کۆکردنەوەی 28 خاڵ لە پێشەنگی ریزبەندییەکەدایە و دەربەندیخانیش بە 10 خاڵ لە پلەی 12ـی ریزبەندییەکەدا مایەوە. 
 
 
 
ئاکرێ 3 – 2 رانیە 
 
یارییە بەچێژ و بەهێزەکەی ئەمڕۆ بە بردنەوەی ئاکرێ بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ کۆتایی هات. 
ئاکرێ، بە رابەرایەتی یونس سلێمان، ئامانجی بردنەوەی ئەم یارییە بوو و دارا محەممەدی راهێنەری رانیەش دەیویست، سێ خاڵی یارییەکە لە ئاکرێ وەربگرێت و بگەڕێتەوە نێو رکابەرییەکانی خولەکە. 
 
هەر لەسەرەتای یارییەکەوە ئاکرێ و رانیە بە هێرشبردن دەستیان پێکرد و لویس ئۆجۆکۆی هێرشبەری نوێی یانەی ئاکرێ گۆڵی پێشکەوتنی تۆمارکرد و گێمی یەکەم بەم ئەنجامە کۆتایی هات. گێمی دووەم لە خولەکی 62 ئارێز مستەفا، گۆڵی بەرامبەری بۆ رانیە تۆمارکرد، زۆری نەخایاند، لویس ئۆجۆکۆ، گۆڵی دووەمی خۆی و یانەکەی تۆمارکرد. رانیە لە هێرشەکانی بەردەوام بوو و لە خولەکی 80 بڕوا حوسێن حەمەد، گۆڵی بەرامبەری بۆ یانەی رانیە تۆماکرد، یارییەکە هەتاوەکو خولەکی 96 بەردەوام بوو و لە دوایین خولەکدا حوسێن فەیسەڵی بەرگریکار، گۆڵی بردنەوەی بۆ ئاکرێ بەدەستهێنا. 
ئاکرێ بە بردنەوەی ئەم یارییە بە 18 خاڵ چووە پلەی چوارەم و رانیەش بە 13 خاڵ لە پلەی نۆییەمی خولەکەدایە. 
 
 
شێروانە 0 – 0 چوارقوڕنە 
 
یانەی شێروانە لەنێو یاریگای خۆیدا دوو خاڵی گرنگی لەدەستدا و لە رکابەرییکردنی یانەی هەندرێن دوورکەوتەوە. 
 
بۆ شێروانە ئەم یارییە زۆر گرنگ بوو، بۆ ئەوەی لە رکابەرییکردن دانەبڕێت و بە هەموو یانەکانی دیکە بڵێت کە هێشتا لە رکابەرییکردن بەردەوامە بەڵام یانەی چوارقوڕنە بە ئازایەتییەکی زۆرەوە و بە درێژایی 90 خولەک رێگر بوو لەوەی تۆڕەکەی بهەژێت، یارییەکە بە یەکسانبوون کۆتایی هات. 
 
شێروانە بە 19 خاڵ لە پلەی سێیەمی ریزبەندییە و یانەی چوارقوڕنەش بە کۆکردنەوەی 14 خاڵ لە پلەی حەوتەمی ریزبەندییە. 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە