گەڕی چوارەم گەڕی گەڕانەوەیە

19-11-2025
سیڤەر بێستوون
نیشانەکردن خولی نایابی کوردستان یانەی شێروانە یانەی هەندرێن
A+ A-
رووداو دێجیتاڵ 

خولی نایابی کوردستان دوای ماوەیەک وەستان دەستپێدەکاتەوە و سبەی گەڕی چوارەم بە دوو یاریی دەستپێدەکاتەوە، کە شێروانە دەیەوێت بگەڕێتەوە شوێنی شایستەی خۆی و هەندرێنیش نایەوێت پێشەنگی ریزبەندییەکە چۆڵ بکات. 
 
هەندرێن - شێروانە 
 
 هەندرێن، لەم وەرزەدا خاوەنی سێ بردنەوەیە و بەکۆکردنەوەی نۆ خاڵ پێشەنگی ریزبەندیی گرتووە، شێروانەش هیچ بردنەوەیەکی نییە و بە کۆکردنەوەی دوو خاڵ لە پلەی 10ـی ریزبەندییەکەدا دەبینرێت. 
 
ئەوەی لەو یارییەدا هەستی پێدەکەم ئەوەیە کە ئەگەر تیپێکی گەورەی وەک شێروانە بییەوێت بگەڕێتەوە سەر رێچکەی سەرکەوتن، دەبێت لە تیپێکی گەورە بباتەوە و ئێستا یەکێک لە بەهێزترین یانەکانی خولەکە هەندرێنە و بەدەستهێنانی سێ خاڵ لە هەندرێن لە نێو یاریگەی خۆیدا، دەبێتە زەنگێکی مەترسیدار بۆ یانەکانی دیکە. 
 
هەندرێنیش ئەم وەرزە بە ئاستێکی بەرزەوە دەردەکەوێت، بەڵام ئەوەی هەندرێنی دوودڵ کردووە ئەوەیە کە دوایین یاریی بەرامبەر یانەی شێروانە لە جامی سوپەر دۆڕاند، بەڵام لەدوای ئەم یارییەوە هەندرێنێک دەبینین کە بە ئاست و بە ئەنجامیش شایستەی بەدەستهێنانی پێشەنگییە. 
 
دەربەندیخان - پێشمەرگەی هەولێر 
 
یاریی دووەمی گەڕی چوارەم،  یاریی دەربەندیخان و پێشمەرگەی هەولێرە، کە هەردوو یانە بە سەرەتایەکی خراپ دەستیان بە خولەکە کردووە و پێشمەرگەی هەولێر بەکۆکردنەوەی سێ خاڵ لە پلەی نۆیەمی خولەکەیە و دەربەندیخانیش خاڵێکی هەیە و لە پلەی 11ـی ریزبەندیدایە. 
 
بەپێی نەرینی من، ئەرکی پێشمەرگەی هەولێر لە دەربەندیخان قورسترە، چونکە بۆ یانەیەکی بەهێز و رکابەریی وەک پێشمەرگەی هەولێر قورسە، دوای تێپەڕینی چوار یاری تەنیا خاوەنی سێ خاڵ بێت! بەهەمان شێوە دەربەندیخان بەسەرکردایەتی راهێنەرێکی نوێ کە رەمزی ساڵحە، دەیەوێت یانەکە بگەیێنێتە کەناراوێکی ئارام و لە ناوچەی دابەزین رزگاریی بکات.  
 
سبەی خولەکە دەگەڕێتەوە و یانەکان دەیانەوێت ئەم گەڕە بکەنە گەڕی گەڕانەوە و خۆ چەسپاندن، بەتایبەتی کە یانەکان تا راددەیک پشوویان وەرگرتووە و بەباشی ئامادەن بۆ ئەوەی رکابەرییەکی بەهێزی یەکدی بکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە