رووداو دیجیتاڵ
یانەی هەولێر بردنەوەیەکی دیکەی لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا تۆمارکرد و لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە یانە دەوڵەمەندەکەی خولەکەی بردەوە.
هەولێر لە رکابەرییەکانی گەڕی 21ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، بەرامبەر یانەی گەرمە یارییکرد و بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ لەو یانەیەی بردەوە و سێ خاڵی گرنگی بەدەستهێنا.
سەرەتا لە خولەکی 14 ئەیمەن حوسێن بەلێدانی سزا گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی گەرمە تۆمارکرد، زۆری نەبرد لە خولەکی 36 شێرزوود تێمیرۆڤ ئەنجامەکەی بۆ یانەکەی قەڵا و منارە یەکسانکردەوە، نیوەی یەکەمی یارییەکە بەیەکسانبوون تەواو بوو.
لە خولەکی 51 کریستۆفەر جۆن، گۆڵی دووەمی بۆ هەولێر تۆمارکرد، ئیمپڕاتۆر پێشکەوت، بەڵام جارێکی دیکە ناوبژیوان لێدانی سزای بۆ گەرمە هەژمارکرد و ئەیمەن حوسێن ئەنجامەکەی بەهەمان سیناریۆی گۆڵی یەکەمی یەکسانکردەوە.
عەلی شاخەوان، قسەیەکی زۆر جیاوازی لە یارییەکەدا هەبووە، لە خولەکی 82 گۆڵێکی زۆر ناوازەی تۆمارکرد و هەولێری زیاتر لە بردنەوەی سێ خاڵی یارییەکە نزیککردەوە.
هەولێر لە دەرەوەی یاریگەی بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ یارییەکەی بردەوە، سێ خاڵی گرنگی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەدەستهێنا.
بەم بردنەوەیە هەولێر لە پلەی چوارەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق بووە خاوەنی 40 خاڵ و یارییەکی کەمتری لە رکابەرەکانی ئەنجامداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ