فینالیسیما لە لەندەن یان مەیامی بەڕێوەدەچێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن فینالیسیما مەیامی لەندەن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

لەبەرئەوەی ناکرێت جگە لە وادەی ئێستای، یاریی فینالیسیما لە هیچ کاتێکی دیکەدا بەڕێوەبچێت، رێکخەرانی یارییەکە دەیانەوێت یارییەکە لە هەمان وادە ئەنجام بدرێت، بەڵام لە شارێکی دیکە لەجیاتی دەوحەی قەتەری.
 
گرژییە سیاسییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامن لە هەڵکشان و دۆخی ئاساییشی جیهانی تۆپی پێی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشی و رێکخەرانی یاریی فینالیسیما، کە لەنێوان پاڵەوانی ئەورووپا و پاڵەوانی ئەمریکای باشوور دەکرێت، نیگەران کردووە.
 
 هەردوو فیدراسیۆنی کۆنمێبۆڵ CONMEBOL و یوفا UEFA بەنیگەرانییەوە چاودێری پەرەسەندنەکان لە قەتەر دەکەن، ئەمەش دوای ئەوەی لە کاژێرەکانی بەرەبەیاندا ئەو مووشەکانەی لە ئێرانەوە هەڵدرابوون بەئاسمانی قەتەردا تێپەڕین.
 
هەر لەبەر ئەم هۆکارە، بژاردەی دیکە بۆ ئەنجامدانی یارییەکە تاوتوێ دەکرێن، چونکە بڕیار وایە یارییەکە هەر چۆنێک بێت لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت سەرەڕای بارودۆخەکە، چونکە جگە لە لایەنی دارایی، خشتەی یارییە نێودەوڵەتییەکان لە مانگی ئاداردا بەردەوام دەبێت، بەتایبەتی لە ئەورووپا و ئەمریکا کە یارییەکانی پاڵاوتنی کۆتایی بۆ مۆندیالی مەکسیک 2026 ئەنجام دەدرێن.
 
ئەو دوو شارەی کە ئێستا بە گونجاوترین جێگرەوە بۆ قەتەر دادەنرێن، بریتین لە لەندەن و مەیامی.
 
لەندەن سوودی نزیکی و سەقامگیریی ئاساییشی هەیە. ئینگلتەرا لەڕووی ئەمنییەوە بە وڵاتێکی جێگیر دادەنرێت و زۆربەی یاریزانانی ئەرجەنتین و ئیسپانیا لە ئەورووپا یاری دەکەن، ئەمەش کاروباری لۆجستی و گواستنەوە ئاسانتر دەکات.
 
سەرەڕای ئەوەش، لەندەن بایەخێکی سیمبولی بۆ ئەرجەنتینییەکان هەیە، چونکە یەکەم وەشانی فینالیسیما لە ساڵی 2022 لەوێ بەڕێوەچوو، کاتێک ئەرجەنتین بەئەنجامی 3-0 لە ئیتاڵیای بردەوە و لیۆنێل مێسی جامەکەی بەرزکردەوە. 
 
لەڕووی هاندەرانیشەوە، پایتەختی ئینگلتەرا وەک بژاردەیەکی نموونەیی دەبینرێت، چونکە زۆریان لە ئەورووپا دەژین و گەشتکردن بۆیان ئاسانتر دەبێت.
 
لە لایەکی دیکەوە، مەیامی ناوچەیەکی خاوەن ئەزموونە لە ەێکخستنی چالاکییە گەورەکاندا. یاریگەی  هارد رۆک میوانداریی 7 یاریی مۆندیالی داهاتوو دەکات و پێشتر یاریی کۆتایی کۆپا ئەمریکا 2024ـی تێدا ئەنجامدراوە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە