لامین دوای دۆڕانەکە جگە لە گریان شەڕیشی کردووە

07-05-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لامین یامال رۆناڵد ئاراوخۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لامین یامال، ئەستێرەی بارسێلۆنا دوای یارییەکەی بەرامبەر ئینتەرمیلان بە هاوڕێیەکیدا تەقیوەتەوە و ئاستی بە کارەساتبار ناوبردووە و راشکاوانە پێیگوتووە تۆ بەرپرسی لە سەرنەکەوتنمان بۆ یاریی کۆتایی. رۆژنامەی ئێل ناسیۆنالی ئیسپانی دەڵێت "لامین گوتوویەتی یان من یان ئاراوخۆ".
 
لامین سەرەڕای ئەوەی لە یارییەکەدا بە ئاستە بەرزەکەی هەمووانی سەرسام کرد، بەڵام تیپەکەی لە کۆتاییدا بەئەنجامی 4-3 دۆڕا و ماڵئاوایی لە چامپیۆنزلیگ کرد.
 
لامین دوای یارییەکە لەنێو یاریگادا دەستی بە گریان کرد، بەڵام کاتێک گەڕاوەتەوە ژووری جلگۆڕین شەڕی لەگەڵ هاوڕێیەکی کردووە، چونکە پێیوابووە هەڵەکانی ئەو بوونەتە هۆکاری شکستەکەی بارسێلۆنا.
 
سەرەڕای رۆحی شەڕانگێزی بەشێک لە یاریزانانی تیپی کەتەلۆنی، چەند هەڵەیەکی کوشندەی بەرگری بوونە هۆکاری ئەم دەرچوونە ئازاربەخشەی بارسا.
 
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی ئێل ناسیۆنالی ئیسپانی، دوای یارییەکە ساتێکی گرژی و تەقینەوە لەنێو ژووری جلگۆڕینی بارسیلۆنادا سەریهەڵداوە، بەهۆی ئەوەی ئەستێرەی لاو لامین یامال  ئەوپەڕی تووڕەیی دەربڕیوە و راستەوخۆ پەنجەی تۆمەتی ئاراستەی رۆناڵد ئاراوخۆی بەرگریکاری ئۆرۆگوایی کردووە. 
 
ئاراوخۆ لە گێمی دووەمدا وەک یاریزانێکی یەدەگ چووە نێو یاریگا لە شوێنی ئینیگۆ مارتینێز، بەڵام بەبۆچوونی لامین بەهۆی دوو هەڵەی گەمژانەی ئاراوخۆ، تیپی رکابەریان دوو گۆڵیان کردووە، یەکێکیان لە دوایین خولەکەکاندا کە بارسا زۆر نزیکبوو لە بردنەوە، و هیواکانی بلاوگرانای بۆ گەیشتن بە یاریی کۆتایی بەتەواوی لەنێوبرد.
 
بەگوێرەی سەرچاوە نزیکەکان، یامال ناڕەزایی خۆی لە ئاراوخۆ نەشاردووەتەوە، هەڕەشەی جێهێشتنی تیپەکەی کردووە ئەگەر کارگێڕیی یانەکە بەخێرایی بڕیاری دەرکردنی ئاراوخۆ نەدات، چونکە پێیوایە ئەو بە پلەی یەکەم بەرپرسیارە لەم یارییە کارەساتبارە. 
 
ئەگەر ئەم زانیاریانەی ئێل ناسیۆنال ورد و دروست بن، لێدوانەکانی یامال پرسیاری گەورە لەسەر ئایندەی ژووری جلگۆڕینی بارسیلۆنا و ئەگەری گۆڕانکاری گەورە لە گواستنەوەکانی داهاتوودا دروست دەکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە