رووداو - هەولێر
ئەمشەو یارییەکانی کۆپا ئەمریکای 2019 لە بەرازیل کۆتاییدێت، هەردوو هەڵبژاردەی بەرازیلی میوانداری پاڵەوانێتییەکە و پێرو رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکە دەکەن.
ئەمشەو کاژێر 23:00 بەکاتی باشووری کوردستان، لەسەر یاریگەی ماراکانا، هەردوو هەڵبژاردە لە یارییەکی بەهێز و چارەنووسسازدا بەرامبەر یەکدی یارییدەکەن.
ئەم دوو هەڵبژاردەیە لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا و لە گەڕی سێیەمدا بەرامبەر یەکدی یارییانکردووە، سیلیساو بە 5-0 یارییەکەی بردبووە، بەڵام ئەمە یاریی کۆتاییە و تەواو جیاواز دەبێت، پێروش دوای بردنەوەی لە ئۆرۆگوای و چیلی لە دوو قۆناخی رابردوودا ورەی بەرزترە و پێویستە بەرازیلیش خوێندنەوەی باشتری بۆ بکات.
لە ریزەکانی سامبا، ویلیان بۆرخێس داسیلڤا بەهۆی پێکانەوە بەشداری لە یارییەکەدا ناکات، بەڵام لە دوایین راهێنانەکانی هەڵبژاردەکەدا، هەریەکە لە فیلیپی لویس، ئەلیسۆن بیکەر و مارکینیۆس بەشێوەیەکی ئاسایی راهێنانیان کردووە بۆ ئەم یارییە ئامادەن.
بەرازیل لەم یارییەدا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی دیکەدایە و دەیەوێت ریکۆردێکی دیکە لە کۆپا ئەمریکادا تۆماربکات، لەکاتێکدا هەڵبژاردەکە تاوەکو ئێستا هیچ گۆڵێکی لێنەکراوە و هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، بۆیە ئەمشەو چاوی لەوەیە لەنێو خاکی خۆیدا بەبێ ئەوەی گۆڵی لێبکرێت نازناوەکە بباتەوە.
سیلیساو لە 2007ـەوە هیچ نازناوێکی کۆپا ئەمریکای نەبردووەتەوە و 12 ساڵە لە نازناوەکە دوورە، هەڵبژاردەی پێروش لە 1975ـەوە ئەو نازناوەی بەدەستنەهێناوە.
بەرازیل و پێرو لە مێژوودا 51 یارییان لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا ئەنجامداوە، سامبا 35 یارییان بردووەتەوە و پێرو تەنیا 6 جار سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، 10 یاریی نێوانیشیان بەیەکسانبوون کۆتاییهاتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ