رووداو دیجیتاڵ
ئەشرەف حەکیمی، بەرگریکاری مەغریبیی باڵی راستی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، ژمارەیەکی پێوانەیی، ئەستێرەیەکی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی شکاند لە بەشداریی گۆڵدا.
حەکیمی کە وەرزێکی ناوازە لەژێر سەرپەرشتیی لویس ئێنریکێی راهێنەری یانەکەیدا بەڕێدەکات، دوای بەدەستهێنانی یەکەم چامپیۆنزلیگ لە مێژووی یانەکە، چاوی لە نازناوی مۆندیالی یانەکانیشە.
ئەستێرە تەمەن 26 ساڵییەکە، بووە یەکەم بەرگریکار لە مێژوودا کە لە یەک وەرزدا زۆرترین بەشداریی راستەوخۆی لە تۆمارکردنی گۆڵدا هەبێت. حەکیمی بە ئاسیستەکەی بۆ عوسمان دێمبێلێ لە بردنەوە 2-0ـەکەیان بەرامبەر بایرن میونشن، لە قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیالی یانەکان، ژمارەی بەشدارییەکانی لە گۆڵدا لە وەرزی 2024-25 گەیاندە 26 بەشداری (11 گۆڵ و 15 ئاسیست).
بەمەش حەکیمی ژمارە پێوانەیی پێشووی شکاند کە بۆ ماوەی 14 ساڵ بەناوی دانی ئالڤێشی بەرازیلی، بەرگریکاری پێشووی بارسێلۆنای سەردەمی پێپ گواردیۆلاوە بوو. ئالڤێش لە وەرزی 2010-2011 توانیبووی 25 بەشداریی گۆڵی هەبێت (4 گۆڵ و 21 ئاسیست).
سەرەڕای ئەم دەستکەوتە، مشتومڕ لەسەر ئەوە هەیە کە ئایا پاڵەوانێتیی جامی جیهانیی یانەکان دەچێتە سەر وەرزی 2024-25 یان وەرزی داهاتوو، بەهۆی ئەوەی چەندین یانە پێشوەختە گرێبەستیان لەگەڵ یاریزانی نوێ بۆ وەرزی داهاتوو کردووە.
حەکیمی هێشتا دەرفەتی لەپێشە ژمارەکەی بەرزتر بکاتەوە، کاتێک یانەکەی لە نۆی ئەم مانگە لە یاریی پێشکۆتاییدا رووبەڕووی ریال مەدرید دەبێتەوە و ئەگەر سەربکەوێت، لە یاریی کۆتاییدا چاوەڕێی براوەی یاریی نێوان فلومینێنسی بەرازیلی و چێڵسی ئینگلیزی دەکات.
ئەشرەف حەکیمی، پێگەیشتووی ئەکادیمیای یانەی ریال مەدریدە و لە کاروانی وەرزشیدا ئەزموونی یاریکردنی لە یانەکانی بۆرووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی و ئینتەرمیلانی ئیتاڵیشدا هەبووە.
ئەستێرە مەغریبییەکە لە ساڵی 2021ـەوە درێسی پاریس سانجێرمان دەپۆشێت و بووەتە یەکێک لە گرنگترین یاریزانەکانی پێکهاتەی یانە پاریسییەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ