رووداو دیجیتاڵ
یانەی مانچێستەر سیتی لەبەردەم هەلێکی گەورەدایە بۆ ئەوەی ژمارەی خاڵەکانی لەگەڵ یانەی ئارسیناڵ یەکسانبکاتەوە و رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی نازناوی پرێمەرلیگ بگەیێنێتە لووتکە.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 34ـی پرێمەرلیگ، کاژێر 22:00 یانەی مانچێستەر سیتی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر بێرنلی یاریی دەکات و تیپەکەی پێپ گواردیۆلا لەبەردەم هەلێکی گەورەدایە بۆ ئەوەی سوود لە خراپیی دۆخی رکابەرەکەی وەربگرێت و ژمارەی خاڵەکانی لەگەڵ یانەی ئارسیناڵ یەکسانبکاتەوە.
مانچێستەر سیتی دوو یاریی رابردووی لەسەریەک لە چێڵسی و ئارسیناڵ بردووەتەوە، ئێستا تەنیا سێ خاڵ لە گانەرزەوە دوورە و بەبردنەوەی یارییەکەی ئەمشەوی دەچێتە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکە.
ئەوەی ئەرکی مانچێستەر سیتی زەحمەت دەکات، ئەوەیە کە بێرنلی لە یاریگەی خۆی یاریی دەکات و شەڕ بۆ مانەوە لە پرێمەرلیگ دەکات، لەکاتێکدا یانەکە لە پلەی 19ـەیەمی ریزبەندی پرێمەرلیگە.
مانچێستەر سیتی لە 19 یاریی رابردوودا بەرامبەر بێرنلی 18 یاریی بردووەتەوە و جارێک یەکسانبووە، دوایینجار کە بەرامبەر ئەو یانەیە دۆڕا لە ساڵی 2015 بوو.
بەهۆی پێکانەوە هەریەکە لە رۆبن دیاز و یۆسکۆ گڤاردیۆل لە ریزەکانی مان سیتی بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ