رووداو هەولێر
لە گەڕی 30ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یاریی لووتکە لە شاری بەغدا لەنێوان یانەی جەوییەی پێشەنگی ریزبەندی و یانەی هەولێری سێیەمی ریزبەندی بەڕێوەدەچێت، یانەکانی نەورۆز، دهۆک و زاخۆش ئەرکیان ئاسان نییە.
یانەی هەولێر وەرزی ئەمساڵ ئاستێکی دڵخۆشکەری هەیە و باشترین تیپی کوردستانە لە خولەکەدا. بەسەرپەرشتی باسم قاسم لە یازدە یاریی رابردوودا نەدۆڕاوە و خەونی گەڕانەوە بۆ خول و پاڵەوانێتییەکانی دەرەوە لای هاندەرانی دروست کردووە.
سێ مانگ بوو دینارێک نەچووبووە گیرفانی دەستەی راهێنەران و یاریزانانی هەولێر، بەڵام کاریگەری لەسەر ئەنجامەکانیان نەبوو، تیپەکە بەر لە دوو رۆژ مووچەیەک و بڕە پارەیەکیان وەک پاداشتی ئەنجامە باشەکانیان پێدرا، دوێنێ شاندی یانەکە گەیشتنە شاری بەغدا و یەکەم ئامادەکارییان بۆ یاریی داهاتوویان بەرامبەر یانەی جەوییەی پێشەنگی ریزبەندی لەنێو یاریگەی لەیس حوسێنی ئەفسانەی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق ئەنجامدا.
یانەی جەوییە شەست و نۆ خاڵی هەیە لە پلەی پێشەنگی ریزبەندییە، یانەی هەولێر پەنجا و نۆ خاڵی هەیە لە پلەی سێیەمی ریزبەندییە.
یانەی نەورۆزی کوردان دەیەوێت قەرەبووی دۆڕانی یاریی رابردووی بکاتەوە، ئەمجارە دەچێتە نێو تاقیکردنەوەی قورس بەرامبەر یانەی تەڵەبە، نەورۆز سێ رۆژە لە شاری بەغدایە و بەشێوەیەکی زۆر باش خۆی بۆ یارییەکە ئامادە کردووە، گەڕانەوەی نێتۆ ئاکارا، هێرشبەری بەرازیلی وچاکبوونەوەی لە پێکان هێزێکی زیاتری بە تیپەکەی سلێمانی بەخشیوە.
بەر لە یارییەکە وەلی کەریم، راهێنەری یانەی نەورۆز لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "بەردەوام دەبین لە زنجیرە ئەنجامە باشەکانمان بەرامبەر تیپە پێشەنگەکانی ریزبەندیی خولی ئەستێرەکانی عێراق، لە داهاتوودا دەتوانین یەکێک لە چوار تیپەکەی پێشەنگ بین".
نەورۆزی کوردان چل و دوو خاڵی هەیە لە پلەی نۆیەمی ریزبەندییە، یانەی تەڵەبە پەنجا و حەوت خاڵی هەیە لە پلەی چوارەمی ریزبەندییە.
یانەی دهۆک وەرزێکی خراپی هەیە و پێچەوانەی سەروەرییەکانی وەرزی رابردووی کە پاڵەوانی کەنداوی عەرەب و جامی عێراق بوو، ئەمساڵ وەرزی گۆڕانکاری ئەستێرە و راهێنەرانی بوو، کەچی هێشتا گرێکوێرەی ئەنجامە خراپەکانی نەکراوەتەوە و ئالهۆێن چیای لە سێ یاریی رابردوویان تەنیا شکست بەشیان بووە، ئەمجارە لەنێو یاریگەی خۆیاندا میوانداری یانەی غەڕاف دەکەن و دەیانەوێت کۆتایی بە نیگەرانی قوڵی هاندەرانیان بهێنن.
یانەی دهۆک سی و حەوت خاڵی هەیە لە پلەی دوازدەی ریزبەندییە، یانەی غەڕاف سی و شەش خاڵی کۆکردووەتەوە لە پلەی سێزدەی ریزبەندییە.
یانەی زاخۆ دوای ماڵئاوایی لە قۆناخی چوارگۆشەی زێڕینی جامی یانەکانی کەنداو، تیپەکە دەیەوێت ئەنجامێکی باشی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق هەبێت و قەرەبووی ئەو هەموو دیمەنی گریان و ناخۆشییەی هاندەرە دڵسۆزەکانی بکاتەوە، کوڕانی خابوور لە یاریگەی جوانەکەیاندا میوانداریی یانەی کارەبا دەکەن.
یانەی زاخۆ چل و حەوت خاڵی هەیە لە پلەی حەوتەمی ریزبەندییە، یانەی کارەبا دۆخی خراپە بە بیست و حەوت خاڵ لە پلەی هەژدەی ریزبەندییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ