رووداو دیجیتاڵ
دوای وەرزێکی پڕ لە شکست و ئابڕووچوون، یانەی ریال مەدرید بیری لەوە کردەوە پەنا بباتەوە بەر تۆنی کرووسی ئەستێرەی پێشووی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی و گەڕاندنەوەی تیپەکە بۆ سەر ستەیجی نازناوەکان.
لەو کاتەی دیوارەکانی سانتیاگۆ بێرنابیۆ لەژێر کێشەکانی وەرزێکدا دەلەرزین کە بە یەکێک لە سەختترین وەرزەکان لەڕووی کارگێڕی و هونەری دادەنرێت، و لە سایەی بەدواداچوونی قەیرانەکان بۆ ژووری جلگۆڕین و بەرزبوونەوەی دەنگی ئەو ئابڕووچوونانەی کە تەواوی تیپەکەی گرتەوە، فلۆرێنتینۆ پێرێز، ئەو پیاوەی هیچ شتێک بۆ رێکەوت بەجێناهێڵێت، زۆری نەخایاند بڕیاری خۆی دا.
چارەسەرەکە تەنیا لە گرێبەستێکی گەورەی نوێدا نەبوو، بەڵکو لە گەڕاندنەوەی ئەو 'عەقڵە' بوو کە زوو وازهێنانی خۆی راگەیاند؛ کە تۆنی کرووسی ئەڵمانی لە ئەرکێکی نهێنیدا دەگەڕێتەوە بەئامانجی ئەوەی هاوسەنگی هێز لە مەدرید بۆ چەندین ساڵی داهاتوو بگۆڕێت.
لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا ناوی کرووس بە ریال مەدریدەوە بەستراوەتەوە و یاریزانەکە خۆیشی بابەتەکەی بەنهێنییەکی تەواو هێشتووەتەوە، بەڵام لە دانوستاندنەکانی پێرێز و نهێنییەکانی کرووسدا چەندین وردەکاری هەن کە هەوڵ دەدەین لێیان تێبگەین.
تۆنی کرووس لە ریال مەدرید چی دەکات؟ رۆڵی داهاتووی لە ناو یانە شاهانەکەدا چی دەبێت، دوای ئەوەی زۆربەی کاروانی وەک یاریزان لە ناو تیزەکانی مێرێنگیدا بەسەربرد؟
ئەندازیارە بێدەنگەکە
ئەو کێشە گەورەیەی کە ریال مەدرید لەم دواییانەدا رووبەڕووی بووەوە لە کوالێتی یاریزانەکاندا نەبوو، بەڵکو لە لەدەستدانی کۆنترۆڵ بوو لەنێو ژووری جلگۆڕیندا. لێرەدا رۆڵی کرووس دێت، ئەو پیاوەی رێزێکی زۆری لێ دەگیرێت کە کەسی دیکەی نەوەی کیلیان ئێمباپێ، ڤینیسیۆس جۆنیۆر و جود بێلینگهام ئەو رێزەی نەبینیوە.
فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ریال مەدرید، رۆڵێکی بۆ ئەم ئەڵمانییە ئامادە کردووە کە لە تەنیا راوێژکارێک تێدەپەڕێت، تاوەکو ببێتە ئەو ئەندازیارە بێدەنگەی کە پەیوەندی لەنێوان کێشەکانی کارگێڕی و باری دەروونی ئەستێرەکاندا دروست دەکات.
کرووس بە پەیوەندییە هاوسەنگەکانی و ئەزموونی لە کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکاندا، دەبێتە ئەو کەسەی کە رێگری لە دزەکردنی کێشەکان بۆ ناو رای گشتی دەکات، و دەبێتە وەرگێڕی راستەقینەی فەلسەفەی یانەکە بۆ ئەو نەوە گەنجانەی کە خەریکە رێگەیان لێ تێکبچێت.
هەنگاوێکی کارگێڕی بە رۆحێکی وەرزشییەوە
دووبارە تێکەڵکردنەوەی تۆنی کرووس لەناو پێکهاتەی کارگێڕیدا بە هەنگاوێکی زیرەکانەی پێرێز دادەنرێت. لەجیاتی ئەوەی بۆ پڕۆژە تایبەتەکانی خۆی یان ئەکادیمیاکانی بەجێی بهێڵێت، یانە شاهانەکە بڕیاریدا دەسەڵاتی جێبەجێکردنی پێبدات لە پلاندانان بۆ داهاتوو.
تۆنی کرووس تەنیا سەیری مەشق و راهێنانەکان ناکات، بەڵکو دەنگێکی کاریگەری دەبێت لە کێشانی نەخشەی وەرزشی و دیاریکردنی ناسنامەی هونەریی تیپەکە. ئەم هەنگاوە کۆتایی بەو سەرلێشێواوییە دەهێنێت کە لە دوای رۆیشتنی هەندێک لە کادرەکان دروست ببوو، و سەقامگیرییەک بە یانەکە دەبەخشێت کە رکابەرەکانی نەیانەوێت.
ئەو چاوەی هەڵە ناکات
سەرنجڕاکێشترین بەشی پلانی تۆنی کرووس، چوونە ناو بواری پشکنەران و دۆزەرەوەی بەهرەکانە. پێرێز درک بەوە دەکات کە کرووس لە یاریگەدا شتێک دەبینێت کە کەسی دیکە نایبینێت، بۆیە پشت بەو دەبەسترێت لە هەڵسەنگاندنی گرێبەستە نوێیەکاندا، نەک تەنیا لەڕووی لێهاتووییەوە، بەڵکو لەڕووی بەهێزیی دەروونیشەوە.
کرووس ئەرکی گەڕان بەدوای ئەو یاریزانەدا دەگرێتە ئەستۆ کە لە خۆی دەچێت، ئەو یاریزانەی پێش قاچەکانی، عەقڵی بەکاردەهێنێت؛ ئەمەش گەرەنتی ئەوە بۆ ڕیال دەکات کە گرێبەستی ورد و لێکدراوە ئەنجام بدات و رێگری بکات لە دووبارەبوونەوەی کارەساتەکانی بازاڕی گواستنەوە کە لە وەرزەکانی پێشوودا ڕوویاندا.
لە کۆتاییدا، تۆنی کرووس ناگەڕێتەوە بۆ ئەوەی دووبارە پێڵاوی وەرزشی لەپێ بکاتەوە، بەڵکو بۆ ئەوەی چاکەتی سەرکردایەتی لە پشت پەردەکانەوە بپۆشێت. ئەمە سەرکێشییەکی لێکدراوەی پێرێزە بۆ چاککردنەوەی ئەوەی کە ئابڕووچوونەکان تێکیاندابوو، و بۆ بنیاتنانی دیوارێکی جیاکەرەوە کە یانە شاهانەکە لە لێکترازان بپارێزێت، بە پشتبەستن بە بلیمەتییەکی ئەڵمانی کە جگە لە زمانی سەرکەوتن هیچ زمانێکی دیکە نازانێت؛ ئەمە ئەو گرێبەستە نهێنییەیە کە لەوانەیە گرنگترین بێت لە سەردەمی ئێستای پێرێزدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ