رووداو دیجیتاڵ
یایا تۆرێ، ئەستێرەی پێشووی کۆتدیڤوار، جارێکی دیکە هێرشی تووندی کردەوە سەر پێپ گواردیۆلای راهێنەری مانچێستەر سیتی و دەڵێ، ئەو مرۆڤ نییە، مارە.
تۆرێ درێژەی بەهێرشە تووند و سەرنجڕاکێشەکانی بۆ سەر پێپ داوە، تۆمەتباری دەکات بەرەگەزپەرستی و دەڵێ، "گواردیۆلا وا پێشاندەدات کە کێشەی لەگەڵ یاریزانانی رەشپێست نییە، بەڵام درۆ دەکات".
تۆرێ لە یانەکانی بارسێلۆنا و مانچێستەر سیتی، لەژێر دەستی پێپ گواردیۆلا یاریی کردووە.
یایا، لە نوێترین چاوپێکەوتندا لەسەر چەناڵێکی یوتیون دەڵێ، "من پیاوێک نابینم بەناوی پێپ، ئەو مارە، وەک ئەوەی من خۆڵ بم مامەڵەی لەگەڵ کردم".
تۆرێ هەستیکردووە، پێپ لە یانەکانی بارسێلۆنا و مانچێستەر سیتی سووکایەتی بەو کردووە و رێزی نەگرتووە.
ئەو دەڵێ، "پێپ پەیوەندی پێوەکردم، گوتی دەمەوێت بگەڕێیتەوە، کارەکە گرنگە. بەڵام هاوژینەکەم کە گوێی لە قسەکانبوو گوتی، دەتەوێت گوێ لەو قسە پووچانە بگریت؟ ئەو زۆر بەخراپی مامەڵەی لەگەڵ تۆکرد، ئێستا دەیەوێت لە بارسا بمێنیتەوە و تۆش رازیت؟ بابڕۆین بۆ مانچێستەر".
تۆرێ لە پاش بارسێلۆنا، روویکرد مانچێستەر سیتی، بەڵام لە کۆتاییدا پێپ بووەوە راهێنەری سیتی، پاشئەوەی ئەزموونی ساڵانی کارکردنی لە بایرن میونشنی ئەڵمانی کۆتایی هات.
تۆرێ هەروەها گوتویەتی، "ئەو بەدرێژایی ساڵێک هیچ پشتی بەمن نەبەست، بەڵام کاتێک لە مۆندیالی 2010 لە ئەفریقای باشوور درەوشامەوە، منی بردەوە پێکهاتەی بارسێلۆنا. بەڵام هەموو کات هاوژینەکەم پێی دەگوتم ئەوە شەیتانە، مرۆڤ نییە، ئەو دڕندەیە".
گواردیۆلا، ساڵی 2010 و لە کاتی راهێنەرایەتیکردنی یانەی بارسێلۆنا، یایا تۆرێی خستە سەر کورسیی یەدەگ، لەپێناو هەلدان بە سێرجیۆ بۆسکێسی لاو کە پێپ پێیوابوو ئەو زیاتر لەگەڵ پلانەکانیدا دەگونجێت.
لەو ساڵەدا تۆرێ کە دوایین وەرزی بوو لە بارسێلۆنا، لە تەنیا نۆ یاریدا بەشێوەی سەرەکی یارییکرد و دوای ئەوە روویکردە یانەی مانچێستەر سیتی.
تۆرێ لە 2010 تاوەکو 2018 لە سیتی بووە یەکێک لە گەورەترین یاریزانانی یانەکە.
ناکۆکییەکانی نێوان ئەو یاریزانە و راهێنەرە ئیسپانییەکە لە مانچێستەر سیتی درێژەیان کێشا، پاشئەوەی لە 2016 پێپ مەشقدانی یانە ئینگلیزییەکەی وەرگرت و جارێکی دیکە تۆرێی خستەوە سەر کورسیی یەدەگ.
ئەوکات، دیمێتری سیلۆک، بەڕێوەبەری کارەکانی یایا تۆرێ رایگەیاند، "پێپ تەنیا بیر لە بەرژەوەندیی خۆی دەکاتەوە، ئەو پێیوایە خواوەندە".
لە مانگی پێنجی 2018 تۆرێ ریزەکانی سیتی بەرەو ئۆڵۆمپیاکۆسی یۆنانی بەجێهێشت.
ئەوکات تۆرێ بڕیاریدا بەرامبەر دۆخی خراپی خۆی لە یانە ئینگلیزییەکە راپەڕێت و گوتی، "دەمەوێت ئەفسانەی گواردیۆلا تێکبشکێنم. هەستدەکەم ئەو هەموو کارێکی کرد لەپێناو لەناوبردنی دوایین وەرزی من لە مانچێستەر سیتی".
ئەو هەروەها گوتی، "هەوڵمدا لە هۆکاری کەم یارییکردنم تێبگەم، تەنانەت بەنهێنی داتاکانی خۆمم لە کاتی یارییکردن لە راهێنەری توانای جەستەیی وەرگرت. کاتێک بینیم بەلامەوە سەیر بوو، چونکە لە داتای هەندێک لە یاریزانە لاوە سەرەکییەکانی یانەکە باشتربوو، چ لە مەشقەکان یان لە یارییەکاندا، ئەوکات ئیدی تێگەیشتم بابەتەکە پەیوەندی بە توانای جەستەییەوە نییە".
ئەو زیاتر دەڵێ، "تەنانەت پرسیارمکرد ئایا رەنگی پێستم هۆکار نییە؟ چونکە هەر من نەبووم ئەو پرسیارەم دەکرد. تەنانەت هەندێک یاریزانی بارسێلۆنا هەمان پرسیاریان هەبوو. نەمزانی هۆکارەکە چیبوو، هەستمکرد ئەو ئیرەییم پێدەبات".
تۆرێ دوای مانچێستەر سیتی، تەنیا یەک وەرز لە ئۆڵۆمپیاکۆس یارییکرد و دواتر روویکردە کینگداو هوانگهای چینی، بەرلەوەی بەیەکجاری واز لە یارییکردن بهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ