دەم پارتی: لە زیندانی ئامەد لێکۆڵینەوە لەوانە دەکرێت کە هاواریان کردووە 'ئامەدسپۆر پاڵەوانە'

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

پەرلەمانتارێکی دەم پارتی رایگەیاند، لە زیندانێکی ئامەد 'لێکۆڵینەوەی دیسیپلین' لەگەڵ کۆمەڵێک زیندانی دەستیپێکردووە، تەنیا بەهۆی ئەوەی دوای سەرکەوتنی یانەی ئامەدسپۆر بۆ سوپەرلیگ، دروشمی "ئامەدسپۆر پاڵەوانە"یان گوتووەتەوە.
 
سەرهات ئەرەن، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە بازنەی ئامەد، دۆسیەی لێپرسینەوە لە زیندانییانی گواستەوە بۆ پەرلەمانی تورکیا و لەو چوارچێوەیەدا پرسیارێکی ئاراستەی ئاکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیا کرد بۆ ئەوەی وەڵامی بداتەوە.
 
'150 زیندانی رووبەڕووی رێکار بوونەتەوە'
 
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی لەو روونکردنەوەیەی پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیای کردووە، دەڵێت: "بەپێی ئەو زانیارییانەی لە کەسوکاری زیندانییەکانەوە پێمان گەیشتووە، لە زیندانی کراوەی ئامەد، بە پاساوی گوتنەوەی دروشمی 'ئامەدسپۆر پاڵەوانە'، لێکۆڵینەوە لەگەڵ ژمارەیەک زیندانی دەستیپێکردووە."
 
بەگوتەی سەرهات ئەرەن، نزیکەی 150 زیندانی بەهۆی دەربڕینی خۆشییەکانیان بۆ سەرکەوتنی ئامەدسپۆر، رووبەڕووی رێکاری کارگێڕی بوونەتەوە و لانیکەم لێکۆڵینەوەی دیسیپلینیش بەرامبەر 15 کەسیان دەستیپێکردووە.
 
رۆژی شەممە (02-05-2026)، یانەی ئامەدسپۆر لە دوایین یاریی خولی پلە یەکی تورکیادا، لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی یانەی "ئیدر" بووەوە و یارییەکە بە ئەنجامی 3-3 یەکسان بوو.
 
بەم ئەنجامە، یانە کوردەکە کۆی خاڵەکانی گەیاندە 74 خاڵ و بە فەرمی بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا سەرکەوت بۆ خولی نایابی تورکیا (سوپەرلیگ). ئەم سەرکەوتنە شەپۆلێکی گەورەی خۆشیی لە سەرتاسەری باکووری کوردستان و بەتایبەتی لە شاری ئامەد لێکەوتەوە، کە وەک دەردەکەوێت شوێنەوارەکەی گەیشتووەتە نێو زیندانەکانیش.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە