وردەکارییەکانی کۆبوونەوە نهێنییەکەی نێوان پێرێز و مۆرینیۆ

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن فلۆرێنتینۆ پێرێز جۆزێ مۆرینیۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

 

فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید، کۆبوونەوەیەکی لەڕێگەی 'ڤیدیۆ کۆنفرانس'ەوە بۆ ماوەی نزیکەی کاژێرێک لەگەڵ جۆزێ مۆرینیۆی پۆرتوگالی، راهێنەری ئێستای یانەی بێنفیکا ئەنجامدا، بەئامادەبوونی تایبەتی خۆرخێ مێندێزی بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانان.
 
تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە گەڕانەوەی  سپێشەڵ وەن بوو بۆ گرتنەدەستی سەرکردایەتی تەکنیکی تیپی شاهانە لە30ـی حوزەیرانی داهاتووەوە، وەک ئەوەی رۆژنامەی esdiarioـی ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە.
 
گفتوگۆکە بەڕەزامەندی دەستبەجێی مۆرینیۆ کۆتایی نەهات؛ چونکە راهێنەرە پۆرتوگالییەکە مەرجی قبوڵکردنی 10 خاڵی بنەڕەتی لە لایەن یانەکەوە داناوە پێش ئەوەی هیچ پابەندبوونێکی فەرمی واژۆ بکات. ئەم مەرجانەش وەک یەک پاکێج خراونەتەڕوو؛ یان دەبێت هەموویان وەک خۆیان قبوڵ بکرێن یان واز لە گرێبەستەکە بهێنرێت، چونکە بەبڕوای ئەو "جێگەی دانوستاندن نین".
 
ماڵپەڕی ESdiario پەردەی لەسەر ئەم مەرجانە لادا، کە پێرێز بەڵێنیداوە لە ماوەی هەفتەیەکدا وەڵامیان بداتەوە:
 
1 - ماوەی گرێبەستەکە: "نەخێر بۆ چارەسەری کاتی"
 
جۆزێ مۆرینیۆ داوای پابەندبوونێک دەکات بۆ ماوەی دوو ساڵ؛ نە زیاتر و نە کەمتر. دوو وەرزی تەواو داواکاریی سەرەکییەتی؛ چونکە بەتووندی رەتیدەکاتەوە تەنیا وەک راهێنەرێکی فریاگوزار مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، هەروەها نایەوێت لەم قۆناخەدا گرێبەستێکی درێژخایەن واژۆ بکات. مۆرینیۆ پێیوایە دوو ساڵ بەسە بۆ هەڵسەنگاندنی کارەکانی و ئاستی پابەندبوونی یانەکە بە پڕۆژەکەیەوە. بەپێی ئەمەش ئەگەر واژۆی کرد، گرێبەستەکەی تاوەکو ساڵی 2028دەبێت.
 
2 - سیاسەتی میدیایی
 
مۆرینیۆ پێیوایە لە خولی یەکەمی کارکردنیدا لەگەڵ ریال مەدرید لەڕووی میدیاییەوە سووتێنراوە، دوای ئەوەی ناچارکراوە رۆڵی گوتەبێژی فەرمی یانەکە لە هەموو کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکاندا ببینێت و بچێتە ناو کێشەگەلێکەوە کە پەیوەندییان بە تیپی یەکەمەوە نەبووە. 
 
ئێستا مۆرینیۆ دووبارەبوونەوەی ئەم سیناریۆیە رەتدەکاتەوە و مەرجی داناوە کە قسەکانی بۆ میدیا تەنیا لە چوارچێوەی لایەنی تەکنیکی وەک راهێنەر بێت، داوای لە یانەکەش کردووە گوتەبێژێکی فەرمی دیکە دابنێن بۆ وەڵامدانەوەی بابەتە کارگێڕی و دامەزراوەییەکان.
 
3 - پێکهاتەی تیپەکە هێڵی سوورە
 
مۆرینیۆ لەم خاڵەدا زۆر توند بووە؛ پێوەر لای ئەو تەنها هەوڵدان و بەخشینە، جەختی کردووەتەوە ئەگەر یاریزانێک ڕانەکات یان پابەندی ئەرکە بەرگرییەکان نەبێت، شوێنی لە پێکهاتەکەدا نابێت، بێ گوێدانە ناوەکەی یان ناوبانگەکەی یان بەهای بازاڕییەکەی. دووپاتیکردەوە کە هیچ فشار یان دەستوەردانێکی کارگێڕی لە بڕیارە تەکنیکییەکانیدا قبوڵ ناکات.
 
4 - ستافی تەکنیکی تایبەت
 
مۆرینیۆ مەرجی هێنانی تەواوی ستافی یاریدەدەری داناوە، کە هەمان ئەو گرووپەن ئێستا لە بێنفیکا لەگەڵیدان: جواو ترالهاو، راهێنەری یاریدەدەر، ریکاردۆ فۆرمۆسینیۆ، پێدرۆ ماتشادۆ و ریکاردۆ روشا (یاریدەدەرەکان)، روبن سوارێز (شیکەرەوەی ڤیدیۆ)، ئەنتۆنیۆ دیاس (ئامادەکاری جەستەیی)، و نونۆ سانتۆس (راهێنەری گۆڵپارێزان). لە کاتی گفتوگۆکەدا پێرێز پێشنیازی کردووە ئەلڤارۆ ئەربێلوا بخرێتە ناو ستافەکە، مۆرینیۆش دژایەتی نەبووە.
 
5 - دوورخستنەوەی پێنتۆس
 
لەبەرئەوەی مۆرینیۆ ستافی تایبەتی خۆی دەهێنێت، بەڕاشکاوی داوای رۆشتنی ئەنتۆنیۆ پێنتۆسی ئامادەکاری جەستەیی بەناوبانگی لە ریال مەدرید کردووە. مۆرینیۆ بە پێرێزی گوتووە کە قەبارەی پێکانە ماسوولکەییەکان کە تیپەکە لە دوو وەرزی رابردوودا پێوەی دەیناڵاند شتێکی قبوڵنەکراوە لە یانەیەکی وەک ریال مەدرید.
 
6 - شۆڕش لە ستافی پزیشکیدا
 
وەک تەواکەری پلانی چاکسازی لە لایەنی جەستەیی، مۆرینیۆ داوای کردووە پەیوەندییەکی راستەوخۆ و بەهێزی لەگەڵ بەشی پزیشکی یانەکە هەبێت. هەروەها مەرجی داناوە کە لە هەموو ئەو حاڵەتانەی یاریزان داوای دەکات، پرۆتۆکۆڵی 'رای پزیشکی دووەم' پەیڕەو بکرێت بۆ دڵنیابوون لە وردیی دەستنیشانکردنی پێکانەکان.
 
7 - لیستی رۆیشتووەکان: 7 یاریزان لە دەرەوەی پلانەکانن
 
مۆرینیۆ لیستێکی 7 یاریزانی دیاریکردووە کە دەبێت لەم هاوینەدا ریال مەدرید جێبهێڵن؛ چونکە باوەڕی بە ئاستی تەکنیکییان نییە. جێگەی سەرنجە ئەم لیستە ئەو سێ یاریزانە ناگرێتەوە کە گرێبەستیان تەواو دەبێت (دەیڤید ئالابا، دانی کارڤاخال و فران گارسیا)، ئەمەش واتا  پاکتاوکردنی تەکنیکی ئەو ناوانە دەگرێتەوە کە هێشتا گرێبەستیان ماوە.
 
8 - دەسەڵاتە کارگێڕییەکان
 
وەک دیارە مۆرینیۆ ناڕەحەتییەکانی پێشووی لەگەڵ زۆریی ناوەندەکانی بڕیاردان لە یانەکەدا لەبیر نەکردووە؛ بۆیە مەرجی داناوە کە فلۆرێنتینۆ پێرێز تەنیا کەس بێت کە راستەوخۆ مامەڵەی لەگەڵ بکات لە هەموو کاروباری تیپەکەدا. بەپێی ئەم مەرجە مۆرینیۆ رەتیدەکاتەوە لەڕووی کارگێڕییەوە لەگەڵ خۆسێ ئانخێل سانشێز یان هەر بەرپرسێکی دیکە مامەڵە بکات.
 
9 - هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکانی هاوین
 
مۆرینیۆ پێیوایە گەشتە بازرگانییە دوورودرێژەکانی هاوین بۆ ئەمریکا و ئاسیا کاریگەری خراپی جەستەیی و دەروونی لەسەر یاریزانان هەیە. بۆیە مەرجی داناوە کە ئەگەر ئەرکەکە بگرێتە دەست، ئەم گەشتانە بەتەواوی هەڵدەوەشێنرێنەوە و تەنیا بە چەند یارییەکی دۆستانەی دیاریکراو و رێکخراو قایل دەبێت کە خۆی سەرپەرشتییان بکات، بێ گوێدانە ئەو قازانجە داراییە زۆرەی کە یانەکە لەو گەشتانە دەستی دەکەوت.
 
10 - مەرجەکان دابەش ناکرێن؛ هەمووی یان هیچ
 
مەرجی کۆتایی یەکلاکەرەوە بوو؛ ئەم 10 خاڵە وەک 'یەک پارچە' خراونەتەڕوو و جێگەی هیچ چاوپۆشییەک نین. مۆرینیۆ بە کارگێڕیی یانەکەی راگەیاندووە کە نەمانی هەر یەکێک لەو مەرجانە واتا 'رەتکردنەوەی بێ ئەملاو ئەولا'ـی پێشنیازەکە، یان دەبێت ریال مەدرید بە هەموو سیستمەکەی مۆرینیۆ رازی بێت یان دانوستاندنەکان پێش دەستپێکردن کۆتایییان دێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە