رووداو دیجیتاڵ
تیروپشکی مۆندیالی 2026 راکێشرا و خشتەی یارییەکان بڵاوکرایەوە، بەڵام هێشتا پرسیاری بنەڕەتی لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتییەکە ماوە. ئەمە یەکەم مۆندیالە لە سێ وڵات ئەنجام دەدرێت و 48 تیپ بەشداری تێدا دەکەن، ژمارەی یارییەکانیش زیاتر دەبێت. گەورەترین نیگەرانی پەیوەستە بە کەشوهەوا و پلەکانی گەرما، بەڵام مێژووی مۆندیالەکان وانەیەکی سەیرمان فێردەکات؛ ئەو پاڵەوانێتییانەی لە کەشوهەوای گەرمدا کراون، باشترین و چێژبەخشترین بوون.
نیگەرانییەکان تەنیا بۆ یاریزانان نین، بەڵکو بۆ هاندەران و کرێکارانیشە، بەڵام لە رووی هونەرییەوە کوالێتی یارییەکان جێگەی مشتومڕە. لەم بارەیەوە ئێنزیۆ فێرناندێزی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی چێڵسی، لە کاتی یارییەکانی مۆندیالی یانەکان لە ئەمریکا بەهۆی گەرمای زۆرەوە تووشی سەرگێژخواردن بوو و ناچاربوو لە ناوەڕاستی یاریگەکەدا پاڵ بکەوێت.
ناوبراو گوتی "گەرماکە باوەڕپێنەکراوە، یاریکردن لەم پلەی گەرمییەدا مەترسیدارە و خێرایی یارییەکە کەم دەکاتەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر چێژی بینەران دەبێت".
پێویستە کاتی یارییەکان بۆ درەنگانی شەو دوابخرێت، بەتایبەت لە شارەکانی مۆنتێری و مەیامی، بەڵام مۆندیال پێشتر بەم دۆخەدا تێپەڕیوە. مەکسیک میوانداریی دوو مۆندیالی کردووە 1970 و 1986، ئەمانەش بەباشترین مۆندیالەکانی مێژوو دادەنرێن. مۆندیالی 1970 بە درەوشانەوەی پێلێ و بەرازیل ناسراوە و مۆندیالی 1986ـیش بە درەوشانەوەی دیێگۆ مارادۆنا و ئەرجەنتین. تەنانەت مۆندیالی 1994ـی ئەمریکاش سەرەڕای گەرما، پاڵەوانێتییەکی سەرکەوتوو بوو.
یاسایەکی گشتی هەیە دەڵێت "چەند کەشوهەوا سەختتر بێت، تۆپی پێ باشتر دەبێت". لە ساڵی 1970 ترسێکی گەورە هەبوو بەهۆی ئەنجامدانی یارییەکان لە نیوەڕۆدا بۆ ئەوەی بینەرانی ئەورووپا بیبینن، بەڵام ئەنجامەکەی پاڵەوانێتییەکی ناوازە بوو. هەر بەهۆی ترسی ماندووبوونەوە، بۆ یەکەمجار لە مێژوودا رێگە بە گۆڕانکاریکردن لە کات و وادەی یارییەکان درا.
رەنگە هۆکارەکە ئەوەبێت گەرما وادەکات یاریزانان نەتوانن پشت بە راکردنی بەردەوام و هێزی جەستەیی ببەستن، ئەمەش دەرفەت دەداتە تیپە تەکتیکییەکان زیاتر دەربکەون. وەک چۆن لە ساڵی 1986 ئەرجەنتین سەرەڕای گەرما و بەرزیی شوێنەکە لە ئاستی دەریاوە، ئاستێکی بەرزی پێشکێش کرد.
بەپێی پۆڵێنی میدیا جیهانییەکان بۆ باشترین و خراپترین مۆندیالەکان، ئەو پاڵەوانێتییانەی لە کەشوهەوای گەرمدا کراون (وەک ئیسپانیا 1982 و مەکسیک 1970 و 1986) لە ریزبەندیی پێشەوەن، لەکاتێکدا مۆندیالە ساردەکان (وەک ئۆرۆگوای 1930 و باشووری ئەفریقا 2010) لە ریزبەندیی کۆتایین. ساردترین مۆندیالی 1930 بوو، وەک خراپترین و گەرمترین مۆندیالی 1982 وەک باشترین دیاریکراون.
لە تۆپی پێی مۆدێرندا پشت بە "پرێسینگ" و گوشاری بەرز دەبەسترێت، رەنگە گەرمای 2026 وابکات ریتمی یارییەکان خاوتربێتەوە و تیپەکان نەتوانن بەردەوام گوشاری بەرز بکەن، ئەمەش دەرفەت دەداتە هونەری تاکەکەسی و پاسات، کە ئەمەش وادەکات جوانی تۆپی پێ زیاتر دەربکەوێت لەبری راکردنێکی زۆر. مێژوو پێمان دەڵێت؛ گەرمای بەتین نابێتە رێگر لەبەردەم مۆندیالێکی کلاسیکی و چێژبەخش.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ