دوایین پێشهات و ئامادەسازییەکانی عێراق و سعودیە بۆ یارییەکەی نێوانیان

14-10-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن پاشکۆی پاڵاوتنەکانی مۆندیال هەڵبژاردەی عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی عێراق دوایین یەکەمی مەشقی خۆی بەر لە رووبەڕووبوونەوەی سعودیە ئەنجامدا. بڕیارە ئەمشەو هەردوو هەڵبژاردە لە کاژێر 21:45 بەکاتی باشووری کوردستان رووبەڕووی یەک ببنەوە و براوەی یارییەکە راستەوخۆ دەگاتە مۆندیالی داهاتوو.
 
دۆڕاوی یاریی نێوان سعودیە و عێراق دەبێ رێگەیەکی درێژتری پاڵاوتن بگرێتە بەر و بەرامبەر دووەمی کۆمەڵەکەی دیکە، لە پاشکۆی پاڵاوتنەکان یاریی بکات کە یان قەتەر دەبێت یان ئیمارات.
 
لە یارییەکەی نێوانیاندا، سعودیە بەیەکسانبوون و بردنەوە و عێراق تەنیا بەبردنەوە، سەرکەوتنی راستەوخۆ بۆ مۆندیالی داهاتوو لە ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا مسۆگەر دەکەن.
 
سعودیە لە گەڕی پێشوودا بە 2 - 1 گۆڵ لە ئیندۆنیزیای بردەوە و عێراق بەسەر هەمان هەڵبژاردەدا سەرکەوت بەگۆڵێکی بێبەرامبەر.
 
ئەیمەن حوسێن کە گۆڵکەری ئێستای عێراقە، لە دوایین یەکەمی مەشقی هەڵبژاردەکەدا بەشدارییکرد، پاشئەوەی بەهۆی پێکانەوە لە یاریی یەکەم بێبەشبوو.
 
عێراق لە یارییەکەی ئەمشەودا، لە تواناکانی زەید حوسێنی بەرگریکەر بێبەش دەبێت بەهۆی وەرگرتنی کارتی سوور لە یارییەکەی ئیندۆنیزیا.
 
میدیای عێراقی پێشبینیدەکەن ئەمشەو ئارنۆڵدی راهێنەری عێراق چەند گۆڕانکارییەک لە پێکهاتەکەیدا بکات. پێشبینیکراوە زێدان ئیقبال کە خاوەنی تاکە گۆڵی هەڵبژاردەکە بوو لە ئیندۆنیزیا، لە شوێنی شێرکۆ کەریم لە پێکهاتەی سەرەکی بێت، لە کاتێکدا ئەیمەن حوسێن لەسەرەتای یارییەکەوە بەشداری ناکات و لەسەر کورسیی یەدەگ دەبێت.
 
سەرچاوەکان هەروەها پێشبینی دەکەن عەلی جاسم لە شوێنی بەشار رسن یاریی بکات و یوسف ئەمینیش لەسەر کورسیی یەدەگ بێت.
 
ئارنۆڵدی راهێنەری عێراق، پێشبینیکراوە هەروەها رێبین سولاقا لە هێڵی بەرگری بێت، لەپاڵ هەریەکە لە مەناف یونس، حوسێن عەلی و مێرخاس دۆسکی.
 
هەڵبژاردەی عێراق لە مێژووی خۆیدا تەنیا یەکجار بەشداریی لە مۆندیالدا کردووە لە مۆندیالی 1986ی مەکسیک و لەو مۆندیالەشدا، لە قۆناخی کۆمەڵەکان کرایە دەرەوە، پاشئەوەی هەر سێ یاریی بەرامبەر مەکسیک، پاراگوای و بەلجیکا دۆڕاند.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە