مۆندیالی 48 تیپی؛ رێگەی هەڵبژاردەکان بۆ گەیشتن بە نازناوەکە ئاشکرا بوو
لە رێوڕەسمێکدا لە واشنتن تیروپشکی مۆندیالی 2026 راکێشرا، بۆ یەکەمجار 48 هەڵبژاردە بەشدارن و دابەشکرانە سەر 12 کۆمەڵە، پاڵەوانێتییەکەش بە یاریی نێوان مەکسیک و باشووری ئەفریقا دەستپێدەکات.
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی هەینی 5ـی 12ـی 2025 لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا، تیروپشکی کۆتایی بۆ مۆندیالی 2026 ئەنجامدرا. ئەمە یەکەمجارە تیایدا 48 هەڵبژاردە بەشداری دەکەن و سیستمەکەی جیاوازە لە مۆندیالەکانی پێشوو.
بەپێی ئەنجامی تیروپشکەکە، 42 هەڵبژاردەی سەرکەوتوو لەگەڵ 6 هەڵبژاردە کە دواتر لە پاشکۆکان یەکلایی دەبنەوە، دابەشکران بەسەر 12 کۆمەڵە. لە هەر کۆمەڵەیەک دوو هەڵبژاردەی یەکەم و دووەم راستەوخۆ دەگەنە قۆناخی دواتر، هەروەها 8 باشترین ئەو تیپانەی پلەی سێیەم بەدەستدەهێنن دەگەنە قۆناخی 32.
بەشێک لە کۆمەڵەکان رکابەریی بەهێزیان تێدا دەبێت. لە کۆمەڵەی سێیەمدا (C)، بەرازیلی خاوەنی 5 نازناو ئەرکی ئاسان نابێت و رووبەڕووی مەغریب و سکۆتلەندا دەبێتەوە. هەروەها لە کۆمەڵەی نۆیەم (I)، فەرەنسای پاڵەوان دەکەوێتە ململانێیەکی بەهێز لەگەڵ سەنیگال و نەرویج.
تیروپشکەکە جارێکی دیکە ئینگلتەرا و کرواتیای لە کۆمەڵەی (L) بەیەک گەیاندەوە، ئەمەش وەبیرهێنانەوەی یاریی پێش کۆتایی مۆندیالی 2018ـە.
ئەگەر هەڵبژاردەی عێراق سەربکەوێت بۆ مۆندیال ئەوا دەکەوێتە کۆمەڵەی (I) رووبەڕووی هەریەک لە هەڵبژاردەکانی فەرەنسا و سەنیگال و نەرویج دەبێتەوە و ئەرکی زۆر زەحمەت دەبێت
ئەنجامی تیروپشکەکە و دابەشبوونی کۆمەڵەکان بەم شێوەیەیە:
کۆمەڵەی یەکەم: مەکسیک، کۆریا، ئەفریقای باشوور، پاشکۆی ئەورووپا.
کۆمەڵەی دووەم: کەنەدا، سویسرا، قەتەر، پاشکۆی ئەورووپا.
کۆمەڵەی سێیەم: بەرازیل، مەغریب، سکۆتلاند، هایتی.
کۆمەڵەی چوارەم: ئەمریکا، ئوسترالیا، پاراگوای، پاشکۆی ئەورووپا.
کۆمەڵەی پێنجەم: ئەڵمانیا، ئیکوادۆر، کۆتدیڤوار، کوراساو.
کۆمەڵەی شەشەم: هۆڵەندا، ژاپۆن، تونس، پاشکۆی ئەورووپا.
کۆمەڵەی حەفتەم: بەلجیکا، ئێران، میسر، نیوزیلەندا.
کۆمەڵەی هەشتەم: ئیسپانیا، ئۆرۆگوای، سعودیە، کەیپ ڤێردی.
کۆمەڵەی نۆیەم: فەرەنسا، سەنیگال، نەرویج، پاشکۆی نێودەوڵەتی.
کۆمەڵەی دەیەم: ئەرجەنتین، نەمسا، جەزائیر، ئوردن.
کۆمەڵەی یازدەیەم: پۆرتوگال، کۆڵۆمبیا، ئۆزباکستان، پاشکۆی نێودەوڵەتی.
کۆمەڵەی دوازدەیەم: ئینگلتەرا، کرواتیا، پەنەما، گانا.
یاریی کردنەوەی مۆندیال لە 11ـی 6ـی 2026 لەنێوان مەکسیکی رێکخەری مۆندیال و ئەفریقای باشوور لە یاریگەی ئازێتکا بەڕێوەدەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ