دوو یاریزانی نێوداری ئیسپانیا بەخێرایی قەتەریان بەجێهێشت

دوێنێ کاژێر 02:03
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن قەتەر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی هێرشەکانی ئێران لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا بۆ سەر دەوحەی پایتەختی قەتەر، دوو یاریزانی نێودار بەخێرایی وڵاتەکەیان بەجێهێشت و گەڕانەوە وڵاتەکەیان.
 
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی هەواڵێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت "گواستنەوەی بەپەلە لە دەوحەوە، خوسێلۆ و خاڤی مارتینێز، لە رێگەی گەشتێکی ئاسمانییەوە کە لەلایەن باڵیۆزخانەی ئیسپانیاوە رێکخرابوو، وڵاتەکەیان بەجێهێشت."
 
سەرچاوەکە دەڵێت "ئیسپانیا لە رێگەی دوو گەشتی ئاسمانییەوە هاوڵاتییەکانی لە قەتەر گەڕاندەوە، دوای ئەوەی دۆخی ناوچەکە تێکچوو، لەنێو گەشتەکانیشدا هەریەکە لە خوسێلۆ، یاریزانی پێشووی ریال مەدرید و ئێستای یانەی غەرافە و خاڤی مارتینێز، یاریزانی پێشووی یانەی بایرن میونشن و ئێستای یانەی بەدع هەن و هەردوو یاریزانەکە گەڕانەوە ئیسپانیا."
 
یاریزانە ئیسپانییەکان لە ناوچەکە بوون و توانییان لەگەڵ کۆمەڵەی یەکەمی گواستراوەکان بگەڕێنەوە. هەردووکیان بەهۆی کارە پیشەیییەکانیانەوە لەوێ بوون. سەرچاوەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە هاوئاهەنگیی گواستنەوەکە لەژێر چاودێری راستەوخۆی باڵیۆزخانەی ئیسپانیادا بووە، کە تێیدا ئالڤارۆ رێنێدۆ، باڵیۆزی وڵاتەکە لە قەتەر رۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە ئاسانکاریکردن بۆ چوونە دەرەوە و رێکخستنی گەشتەکان.
 
باڵیۆزخانەی ئیسپانیا لە قەتەر چەندین هەوڵی داوە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی هاووڵاتیان بە سەلامەتی وڵاتەکە بەجێبهێڵن. هەروەها هاوژینی راول دی تۆماس و کۆرپە سێ مانگەکەی، لەگەڵ هاوژینیی پابلۆ سانز، یاریدەدەری لۆپێتێگی لە هەڵبژاردەی قەتەر لەم گەشتانەدا گواستراونەتەوە.
 
ئەو کەسەی هێشتا لە قەتەر ماوەتەوە، جولیان لۆپێتێگی، راهێنەری ئێستای هەڵبژاردەی قەتەرە کە لە دەوحە نیشتەجێیە. ناوبراو لە ئەرکەکەی بەردەوامە و چاودێری رووداوەکان دەکات. راهێنەرە باسکییەکە لەم هەفتەیەدا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ (RTVE) پەیامێکی ئارامکەرەوەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند کە دەسەڵاتداران داوای وریایی لە دانیشتووان دەکەن و ئەو و کەسە نزیکەکانی لە ماڵەوە ماونەتەوە و پارێزراون.
 
لۆپێتێگی گوتی: "پەیامەکە بۆ ئێمە وریاییە، ئەوەی کە لە ماڵ نەچینە دەرەوە و ئاگاداری ئەو ساتانە بین کە مووشەکەکان دەگەنە ناوچەکان و لە ئێمەوە دوورن. ئێمە بە سەلامەتترین شێوە لە ماڵەکانمانداین." راهێنەری قەتەر ویستی دڵنیایی بداتە بنەماڵە و هاوڕێکانی و دەڵێت "دەمەوێت بە خێزان و هاوڕێکانم بڵێم کە هەموومان باشین و چاودێریمان دەکرێت. هیوادارم بە زووترین کات ژیان ئاسایی بێتەوە."
 
ئەم ئۆپەراسیۆنە بەشێکە لەو هەوڵانەی کە بۆ دەربازکردنی هاووڵاتیانی بیانی ئەنجام دەدرێن و دوور نییە لە کاژێر یان رۆژانی داهاتوودا گەشتی دیکەش بۆ گواستنەوەی ئەو کەسانەی هێشتا لەوێ ماونەتەوە رێکبخرێت.


 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە