رووداو دیجیتاڵ
لویس دیاز، ئەستێرەی کۆڵۆمبی و یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی لەسەر ئەو دەنگۆیانە هاتە دەنگ کە باس لە نزیکبوونەوەی لە یانەی بارسێلۆنا یان پەیوەندیکردنی بە یانەی نەسڕی سعودییەوە دەکەن.
یاریزانەکە لە پشوودایە و بەشداریی لە پرسەی دیۆگۆ جۆتای هاوڕێشیدا نەکرد، کە بەو هۆیەوە رەخنەیەکی زۆری لێگیرا، بەڵام دەنگۆی زۆر لە بارەی ئەگەری رۆیشتنی لە یانەی لیڤەرپوول بڵاوکراونەتەوە و داهاتووی لەگەڵ یانەکە دیار نییە.
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا لویس دیاز لەگەڵ کەسێک دەردەکەوێت، کەسەکە لێی دەپرسێت، دەنگۆی دەستەوارەی بارسێلۆنا و نەسڕمان بیستووە، ئایا هیچ گفتوگۆیەک هەیە؟
دیاز لە وەڵامدا دەڵێت "ئێستا لەگەڵ لیڤەرپوول و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لە دانوستانداین و گفتوگۆ دەکەین، لە لیڤەرپوول ئارام و دڵخۆشم، بیری لێدەکەمەوە و هەوڵدەدەم باشترین بڕیار بدەم."
ئەم قسانەی لویس دیاز لەکاتێکدان، دوای ئەوەی یانەی بارسێلۆنا لە گواستنەوەی نیکۆ ویلیامزدا سەرکەوتوو نەبوو یانەکە هەوڵدەدات ئەو یاریزانە بگوازێتەوە، میدیای ئیسپانیاش دەڵێت "یاریزانەکە ویستی یارییکردنی لە بارسێلۆنا هەیە."
جگە لەوەش رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی رایگەیاندبوو، لویس دیاز رەزامەندیی داوە بۆ ئەوەی پەیوەندی بە یانەی بایرن میونشنەوە بکات.
لویس دیاز تەمەنی 28 ساڵە، گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی لیڤەرپوول لە هاوینی 2027 کۆتاییدێت، ئێستا لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا نرخەکەی دەگاتە 70 ملیۆن یۆرۆ، پێشتر یانەکەی دوو دەستەوارەی یانەی بارسێلۆنای بۆ دەستبەرداربوون لە ئەستێرە کۆڵۆمبییەکە رەتکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ