هەواڵی خۆش بۆ هاندەرانی بارسێلۆنا

17-05-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی بارسێلۆنا هانزی فلیک لویس دیاز
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یەکێک لە بەرپرسانی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، ئاشکرایکرد بەمنزیکانە هەواڵی خۆش لەبارەی هانزی فلیکی راهێنەرەوە بەهاندەرانیان دەدەن. بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکەش ناوی ئەو یاریزانەی ئاشکراکرد کە ئامانجی سەرەکیی یانەکەی لە هاویندا.
 
یانەی بارسێلۆنا هەرسێ نازناوی ئەمساڵی یانەکە (لالیگا، جامی شا و سوپەری ئیسپانیا)ی لە شەقامەکانی بارسێلۆنادا نمایشکرد بەئامادەبوونی هەزاران هاندەر. رافا یوستی، جێگری سەرۆکی یانەکە رایگەیاند بەمنزیکانە هەواڵی خۆش لەبارەی چارەنووسی هانزی فلیکی راهێنەرەوە رادەگەیێنن.
 
فلیک لەیەکەم وەرزیدا لەگەڵ یانەکە، سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێنا، سێ نازناوی بردەوە و لە قۆناخی پێشكۆتایی چامپیۆنزلیگ بوو.
 
یوستی گوتی "نزیکین لە راگەیاندنی نوێکردنەوەی گرێبەستی فلیک". 
 
سەرچاوەکان دەڵێن، کارگێڕیی یانەکە رێکەوتنی لەگەڵ فلیک کردووە بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی تاوەکو هاوینی 2027.
 
لەلایەکی دیکەوە، میدیاکان ئاشکرایانکردووە، دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکە، لویس دیازی هێرشبەری باڵی لیڤەرپوولی کردووەتە ئامانجی سەرەکیی لە هاوینی ئەمساڵدا.
 
لەماوەی رابردوودا، دۆخی دارایی بارسێلۆنا بەهۆی بەدەستهێنانی نازناوەکان و خۆڕێکخستنەوەی یانەکە، باشبوونی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، ئەوەش رێگەخۆشدەکات بۆ ئەوەی گرێبەست لەگەڵ یاریزانی نوێدا بکات.
 
ساڵانی پێشوو، بارسێلۆنا بەهۆی تەنگژەی دارایی و کێشەی بێپارەییەوە نەیتوانی ئامانجەکانی خۆی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان بەدی بهێنێت.
 
دیکۆ رایگەیاندووە، تیپەکەی پێویستی بەیاریزانی دیکەی ئاستبەرزی وەک لامین یامال و رافینیا هەیە. قسەکانی ئەو بەڕێوەبەرە ئاماژەن بۆ ویستی یانەکە بۆ هێنانی هێرشبەری نوێی باڵ.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، ئامانجی یەکەمی دیکۆ، لویس دیازی هێرشبەری باڵی لیڤەرپوولە، کە پێناچێ کەمتر لە 80 ملیۆن یۆرۆ لەسەر یانەکە بکەوێت.
 
تاوەکو ئێستا لێدوانی دیکۆ، بەفەرمی دیازی وەک ئامانجی سەرەکیی تیپەکەی رانەگەیاندووە، بەڵام پێدەچێ بارسا بەشوێن دوو یاریزانی هێرشبەری باڵدا بگەڕێت کە بتوانن قووڵایی زیاتر لە پێکهاتەی یانەکەدا دروست بکەن و کوالیتیی تیپەکە بەرزتر بکەنەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە