ڤیدیۆ؛ بارسا و بایرن لە لیشبۆنا ئاگر لە چامپیۆنزلیگ بەردەدەن

09-08-2020
سه‌فین ته‌ها @safintaha
A+ A-

رووداو-هەولێر

یانەکانی بارسێلۆنا و بایرن میونشن گەیشتنیان بە قۆناخی داهاتووی چامپیۆنزلیگ یەکلاکردەوە، دوای ئەوەی شکستیان بە یانەکانی ناپۆلی و چێڵسی هێنا.

بارسێلۆنا لە یاریگەی کامپنو، میوانداری یانەی ناپۆلی کرد و یارییەکەی بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لێبردەوە و بە ئەنجامی هەردوو یارییەکە 4-2 شکستی بە یانە ئیتالییەکە هێنا، خۆیشی گەیشتە قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە و رووبەڕووی یانەی بایرن میونشن دەبێتەوە.

بارسا هەرزوو لە رێگەی لێنگلێوە بە لێدانی سەر گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد، دواتر لیۆنێل مێسی گۆڵی دووەمیشی زیادکرد، هەر لەم گێمەدا لویس سوارێز بە لێدانی سزا گۆڵی سێیەمی تۆمارکرد.

هێشتا گێمی یەکەم کۆتایی نەهاتبوو کاتێک لۆرێنزۆ ئینسینی بە لێدانی سزا تاکە گۆڵەکەی یانەی ناپۆلی تۆمارکرد، لە یاریی چوونیشدا هەردوو یانە بە گۆڵێک یەکسانبوون، بەمەش بارسا گەیشتە قۆناخی داهاتوو، ناپۆلیش بۆ ماڵەوە.

لە یارییەکی دیکەشدا یانەی بایرن میونشن بردنەوەی بەسەر یانەی چێڵسیدا دووبارەکردەوە، دوای ئەوەی لە یاریگەی ئالیانز ئارێنا بە ئەنجامی چوار گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک یارییەکەی بردەوە.

گێمی یەکەم سێ گۆڵ تۆمارکران، دووانیان بۆ یانەی بایرن میونشن و دانەیەکیش بۆ یانەی چێڵسی، گۆڵەکانی بایرن لەلایەن رۆبیرت لیڤاندۆڤسکی و ئیڤان پێریشیچەوە تۆمارکران، تاکە گۆڵەکەی چێڵسیش تامی ئابراهام کردی، لە نیوەی دووەمیشدا کۆرێنتین تۆلیسۆ و رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی دوو گۆڵی دیکەیان بۆ باڤارییەکان زیادکرد.

هەینی داهاتوو لە یاریگەی دالوش لە پۆرتوگال یانەی بارسێلۆنا بەرامبەر بە یانەی بایرن میونشن یاری دەکات لە کاژێر  22:00.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە