سیاتڵ دەیەوێت یاریی نێوان میسر و ئێران بکاتە یاریی 'پشتگیریی هاوڕەگەزخوازان'

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
دیاری حەسەن
نیشانەکردن هەڵبژاردەی میسر هەڵبژاردەی ئێران مۆندیالی 2026
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
یاریی میسڕ و ئێران لەلایەن رێکخراوێکەوە وەکو یاریی پشتگیریکردن لە هاوڕەگەزخوازان دیاریکراوە و ئەو بابەتەش کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە.
 
رێکخراوی پشتگیری لە هاوڕەگەزخوازان لە شاری سیاتڵی ئەمریکا رایگەیاندووە، یاریی نێوان ئێران و میسر لە قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیال کە لەو شارە ئەنجامدەدرێت، ئاهەنگێکی تایبەت بە پشتگیریکردن لە هاوڕەگەزخوازان ئەنجامدەدرێت.
 
بەپێی رێکخراوەکە، پلانی ئەو ئاهەنگە پێش تیروپشکی مۆندیال بووە و وابڕیار بووە هەر یارییەک لە رۆژی 26/6/2026 لە سیاتڵ ئەنجامبدرێت، ئەو ئاهەنگەی تیادا ئەنجامبدرێت، دوای تیروپشکەکە دەرکەوت، ئەو یارییە لەنێوان هەڵبژاردەکانی میسر و ئێران دەبێت.
 
هاوڕەگەزخوازی لە هەریەکە کە ئێران و میسر سزای زۆر تووندی لەسەرە، تا دەگاتە ئاستی سزای لەسێدارەدان و پێناچێت فیدراسیۆنەکانی تۆپی پێی ئەو دوو وڵاتە و حکومەتەکانیان بەو بڕیارە رازی ببن.
 
ئاهەنگەکە پەیوەندی بە فیفاوە نییە، ساڵانە لەو ماوەیەدا، شاری سیاتڵ کۆمەڵێک رێوڕەسم و بۆنەی جیاواز بۆ پشتگیریکردن لە هاورەگەزخوازان ئەنجامدەدات و بەرپرسانی شارەکە، رێگەیانداوە بەشێکی رێورەسمەکانی ئەو بۆنەیە، لە کاتی ئەو یارییە ئەنجام بدرێت و نمایش بکرێت.
 
یەکێک لە رێکخەرانی ئاهەنگەکە دەڵێت "تۆپی پێ توانایەکی تایبەتی هەیە بۆ یەکخستنی خەڵک لە هەموو سنوورەکان و کولتورە جیاوازەکان و شانازی دەکەین بەوەی ئاهەنگێک لەو یارییەدا سازبکەین وەک بەشێک لە کۆمەڵگەی جیهانی تۆپی پێ".
 
ئەمە یەکەمجار نییە هەوڵبدرێت بابەتی پەیوەندیدار بە هاورەگەزخوازان ببرێتە یاریگەکانی جامی جیهانی، ساڵی 2022 لە مۆندیالی قەتەر، بەشێک لە هەڵبژاردەکان ویستیان نیشانەی کاپتنەکان بکەنە ئاڵای هاوڕەگەزخوازان، بەڵام فیفا بڕیاریدا کارتی زەرد بەڕووی هەر یاریزانێک بەرزبکاتەوە ئەوە بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە