رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران لەگەڵ فیفا لە گفتوگۆدایە و دەیەوێت یارییەکانی لە مۆندیالدا، لە ئەمریکا ئەنجام نەدات.
مەهدی تاج، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران رایگەیاند، لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی یارییەکانی هەڵبژاردەکەیان لە مۆندیالی 2026 لە ئەمریکاوە بگوازرێنەوە بۆ وڵاتێکی دیکە، ئەمەش لە ترسی پاراستنی سەلامەتی یاریزانان و هەڵبژاردەکەیان.
ئەم قسانەی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران لە دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هەڵبژاردەی ئێران پێشوازی لێکراوە، بەڵام پێموایە ئێستا لەپێناو سەلامەتی خۆیان و پاراستنی گیانیان باش نییە لەوێ بن.
مەهدی تاج لە لاپەرەی فەرمی خۆی لە ئێکس نووسیوویەتی "کاتێک ترەمپ بە راشکاوی رایگەیاند کە ناتوانێت گەرەنتی سەلامەتی هەڵبژاردەی ئێران بکات، بە دڵنیاییەوە ئێمە گەشت بۆ ئەمریکا ناکەین."
سەرۆکی فیدراسیۆنەکە دەڵێت "لەگەڵ فیفا لە گفتوگۆدان و دەیانەوێت یارییەکانیان لە مۆندیالدا لە مەکسیک بکرێت."
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران دەیەوێت یارییەکانی بگوازرێنەوە بۆ مەکسیک، لەکاتێکدا یارییەکانی لە مۆندیالی 2026 لە لۆس ئانجلێس و سیاتڵ بەڕێوەدەچن.
هەڵبژاردەی ئێران لە کۆمەڵەی حەوتەمی مۆندیالی 2026ـە، بەرامبەر هەڵبژاردەکانی نیوزیلاند، بەلجیکا و میسر یاریی دەکات.
هەرچەند بەهۆی جەنگەوە پێشبینی دەکرا ئێران بەشداری لە مۆندیالدا نەکات، بەڵام دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، لەبارەی بەشداریکردنی هەڵبژاردەکەوە قسەیکرد، بەرپرسانی ئێران سووربوون لەسەر ئەوەی بەشداری بکەن، بەڵام دەیانەوێت یارییەکانیان لە ئەمریکاوە بگوازرێنەوە بۆ مەکسیک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ