ئێران نزیکە لەوەی بڕیاری پاشەکشێ لە مۆندیالی داهاتوو بدات

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو سپۆرتس
نیشانەکردن مۆندیالی 2026 هەڵبژاردەی ئێران جەنگی ئەمریکا - ئیسرائیل و ئێران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئێران هەڕەشەی نوێی لە جیهان کرد، لەبارەی پاشەکشێ لە مۆندیالی داهاتوو، لە کاتێکدا تەنیا سێ مانگ ماوە بۆ یاریی دەستپێکی پاڵەوانێتییەکە.
 
پاش سێ مانگی دیکە، مۆندیالی 2026 لە ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا دەستپێدەکات، بەڵام هەڵبژاردەی ئێران بەهۆی دۆخی سیاسی و بەرپابوونی جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەڕەشەکانی بۆ پاشەکشە زیاتر کردووە.
 
ئەگەرچی لە پاش کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، لە یەکەم رۆژی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکە و بەردەوامبوونی شەڕ، فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکە هەڕەشەی بیرکردنەوە لە پاشەکشە لە پاڵەوانێتییەکەی کرد، بەڵام فیدراسیۆنەکە زیاتر تووڕەبوو، کاتێک ئوسترالیا مافی پەنابەریی بە ژمارەیەک یاریزانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئافرەتانی وڵاتەکەدا.
 
رۆژنامەی 'زە سەن'ی بەریتانی ئاشکرایکردووە، مەهدی تاج، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران، گومانی خۆی لەوە دەربڕی کە رێگەبدەن هەڵبژاردەکە بە رێگەی ئاسمانیی گەشتی مۆندیالی داهاتوو بکات.
 
تووڕەبوونی نوێی بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران، پەیوەندی بە داواکاریی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکاوە هەیە، کە داوای لە ئوسترالیا کردبوو، مافی پەنابەری بە یاریزانانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئافرەتانی ئێران بدات، کە بۆ بەشداریکردن لە جامی ئاسیا لە ئوسترالیا بوون.
 
داواکارییەکەی سەرۆکی ئەمریکا دوایئەوە هات، کە یاریزانی هەڵبژاردە ئێرانییەکە، سروودی نیشتمانیی وڵاتەکەیان لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی کۆریای باشوور لە یەکەم یاریی پاڵەوانێتییەکە نەگوتەوە.
 
دوای ئەو رووداوانە، دۆناڵد ترەمپ لە رێگەی دوو پەیامەوە، داوایکرد ئوسترالیا مافی پەنابەریی بە یاریزانەکان بدات و گوتی، ئەگەر ئەوان ئەوە نەکەن، ئەمریکا مافی پەنابەرییان دەداتێ، چونکە ئافرەتە ئێرانییەکان، ئەگەر بگەڕێنرێنەوە وڵاتەکەیان، دەکوژرێن.
 
سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران دەڵێ، "ئەو (دۆناڵد ترەمپ) 160 ئافرەتی ئێمەی لە میناب بە بۆمبەکانی کوشت، ئێستاش کچەکانمانی وەک بارمتە دەستبەسەر کردووە".
 
مەهدی تاج دەڵێ، "چۆن دەکرێ مرۆڤ گەشبین بێت لەبارەی ئەنجامدانی مۆندیال لەسەر خاکی ئەمریکا، لە سایەی بارودۆخێکی لەو شێوەیەی ئێستا هەیە".
 
ئەو هەروەها گوتوویەتی، "ئەگەر مۆندیال لەسایەی ئەمجۆرە دۆخەدا ئەنجام بدرێت، چ کەسێکی ژیر بڕیاردەدات هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بنێرێتە ئەو شوێنەی پاڵەوانێتییەکەی لێدەکرێت؟".
 
تاجی 66 ساڵان، پێشتریش گومانی خۆی لەبارەی بەشداریکردنی هەڵبژاردەی ئێران لە مۆندیال دەربڕیبوو.
 
ئەو گوتبووی، "ئەوەی لێی دڵنیاین، لەسایەی بارودۆخی ئێستا و ئەو هێرشە وەحشیگەرییانەیەی دەکرێتە سەرمان، ناتوانین بیر لە مۆندیال بکەینەوە".
 
تاج دەڵێ، لە کۆتاییدا بڕیاری بەشداریکردن لە مۆندیال، لای دەسەڵاتدارانی وەرزشی وڵاتە.
 
هەڵبژاردەی ئێران، سەرکەوتنی بۆ مۆندیالی داهاتوو مسۆگەرکردووە و لە کۆمەڵەی حەوتەمی پاڵەوانێتییەکە، لەگەڵ هەڵبژاردەکانی نیوزیلەندا، بەلجیکا و میسر، یارییدەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە