رووداو دیجیتاڵ
رۆژنامەیەکی کەتەلۆنی نهێنییەک سەبارەت بە کەریم بنزیمای ئەستێرەی فەرەنسیی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی ئاشکرا دەکات و بە بەڵگە دەریدەخات کە کەریم ئەوکاتەی یاری بۆ یانەی لیۆنی فەرەنسی کردووە، هاندەری بارسێلۆنا بووە.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، نووسیویەتی "لە 8ـی شوباتی 2008، رێک 15 ساڵ لەمەوبەر بنزیما خۆشەویستی خۆی بۆ بارسێلۆنا لە رێگەی هەڤپەیڤینێکەوە لەگەڵ ئێمە نیشاندا، ئەمەش دوای یارییەکی دۆستانە لە نێوان هەردوو هەڵبژاردەی فەرەنسا و ئیسپانیا".
رۆژنامەکە ئاماژە بەوەش دەکات، هێرشبەرە گەنجەکە ئەوکات، کە تەمەنی 20 ساڵ بوو، گوتی "زۆر دڵخۆشم کە یانەیەکی گەورەی وەک بارسێلۆنا گرنگیم پێدەدات".
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بنزیما سەرسوڕمانی خۆی دەربڕیوە لە ئامادەبوونی یاریدەدەری راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، ساکریستان لە یارییەکە، بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی ئەو بکات.
ئەو سەرچاوەیە زیاتر دەڵێت "بنزیما کە ئەوکات لەگەڵ یانەی لیۆن گۆڵکاری خولی فەرەنسا بوو، گوتی حەزدەکەم رۆژێک بۆ بارسێلۆنا یاری بکەم، کێ هەیە ئەوەی نەوێت؟".
کەریم بنزیما، ساڵی 2009 لە یانەی لیۆنی فەرەنساوە پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدەوە کرد و بووە دووەم گۆڵکاری مێژوویی یانەی مێرینگێ، کە تاوەکو ئێستا 366 گۆڵی تۆمارکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ