رووداو دیجیتاڵ
سانتی کازۆرلا، یاریزانی یانەی ریال ئۆڤیێدۆ رەخنەی تووندی لە دەستەی لالیگا گرت، بەهۆی دواخستنی یاریی نێوان یانەکەی و رایۆ ڤاییکانۆ، گوتی ئەوەی روودەدات جێگەی باوەڕ نییە.
دەستەی سەرپەرشتیاری لالیگا، پێشتر بڕیاریدابوو، یاریی نێوان ڤاییکانۆ و ئۆڤیێدۆ کە دەبوو هەفتەی پێشوو ئەنجام بدرێت، چەند کاژێرێک بەر لە دەستپێکردنی هەڵوەشانەوە و هۆکارەکەی بۆ خراپیی زەوی یاریگەی ڤاییکاسی تایبەت بە ئۆڤیێدۆ گەڕاندەوە.
کازۆرلای 41 ساڵان، بێئومێدیی خۆی لە بڕیارەکە دەربڕی، ئەوەش لە رێگەی پەیامێکەوە لە ئێکس.
ئەو دەڵێ، "راستییەکە ئەوەیە کە خولی ئیسپانیا، چەند ساڵیكی رووناکی لە دوای پرێمەرلیگەوەیە لە هەموو شتێکدا".
پەیامەکەی کازۆرلا پاش دوو کاژێر لەو بڵاوکراوە فەرمییە هات کە یانەکەی بڵاویکردەوە و داوایکردووە سێ خاڵی یارییەکەی بۆ ئەژماربکرێت و بەبراوە دابنرێت.
یانەکە دەڵێ، "ریال ئۆڤیێدۆ پەنا دەباتە بەر هەموو دامەزراوە فەرمی و تەمبێکارییەکانی سەر بە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا دەبات، لەپێناو بەرگریکردن لە ماف و بەرژەوەندییە رەواکانی هاندەرانی".
ئەو هەروەها دەڵێ، "ئەوە جیا لە گرتنەبەری رێوشوێنی دادوەریی و سکاڵا تۆمارکردن لەسەر ئەو بەرپرسانی بوونە هۆکاری ئەو پشێویەی دەستەی لالیگا و بێخەمیی بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا و هەڵسوکەوتی یانەی رایۆ ڤاییکانۆ".
لای خۆیەوە، دەستەی لالیگا، لە بڵاوکراوەیەکدا دووپاتیکردووەتەوە کە ئەو خاوەنی مافی یاسایی وەستاندنی یارییەکە و دواخستنیەتی، بەک فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵات.
دەستەکە هەروەها دەڵێ، "رێکخستنی پاڵەوانێتییە پیشەگەرییەکان لە نێویاندا بڕیارەکانی پەیوەست بە کات، خشتە و راگرتنی یارییەکان و دووبارە خشتەبەندکردنەوەیان، هەموویان بەپێی یاسا لە دەسەڵاتی سەرپەرشتیارانی لیگا پیشەگەرییەکاندان، چونکە ئەوان رێکخەری پاڵەوانێتییەکەن".
هەروەها بەرگری لە بڕیارەکەی خۆی کردووە و دەڵێ، "ئەو دەسەڵاتە پشتبەستووە بە یاسا کارپێکراوەکان و بڕیاری کۆتایی دادگا کە لە ماوەی رابردوودا لە دادگای نیشتمانیی و دادگای باڵا دەرچوون و بەڕوونی ئەو دەسەڵاتانەی ئاشکراکردووە کە لە نێوان دامەزراوە جیاوازە وەرزشییەکانی ئیسپانیادا هەن".
پێشتر دەستەی لالیگا، بڕیاریدابوو یاریی نێوان هەردوو یانە بەهۆی نائامادەیی یاریگەی یارییەکەوە بۆ کاتێکی نادیار دوا بخات، ئەو بڕیارە بووە هۆی رەزامەندیی رایۆ ڤاییکانۆ و ناڕەزایەتی تووندی یانەی ریال ئۆڤیێدۆ کە پێیوایە دواخستنی یارییەکە، زیانی دارایی گەورەی پێگەیاندوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ