دوو قوربانی نوێی رەگەزپەرستی لە پرێمەرلیگ

05-11-2023
ئاسوودە پێشەوا
نیشانەکردن نیوکاسل یونایتد ئارسیناڵ پرێمەرلیگ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە لوتکەی گەڕی 11ـی پرێمەرلیگ، یانەی نیوکاسڵ یونایتد میوانداری ئارسیناڵی کرد و یاریەکەی بە گۆڵێکی بێ وەڵام لێ بردەوە. 
 
دوای یارییەکە، هەریەکە لە برونۆ گیمارێش و جۆ ویڵۆك لە سۆشیاڵ میدیا تووشی هێرشی رەگەزپەرستی بوونەوە. ویڵۆك لە پەڕەی فەرمی خۆی لە ئینستگرام بەشێك لەو نامانەی بڵاو کردەوە کە تێیدا رەگەزپەرستی دژی کرابوون و دواتر لە وەڵامدا وێنەی بانەرێکی بڵاو کردەوە کە لەسەری نووسراوە "کارتی سوور بۆ رەگەزپەرستی". 
 
هەروەها ویڵۆك وەڵامی یەکێك لە نامەکان دەداتەوە کە تێیدا رەگەزپەرستی دژ بە یاریزانەکە کراوە و دەڵێت: ئەمە تەنیا یارییەکی تۆپی پێیە، هیچ پێویست بە رەگەزپەرستی ناکات. 
 
دوای بردنەوەی یارییەکە، برونۆ گیمارێش پۆستێك لە ئینستگرام دەکات و دەڵێت: سەرکەوتنێکی گەورە بۆ هەمووان و سێ خاڵی دیکەمان بەدەستهێنا. 
 
دواتر برونۆ تووشی چەندین هێرشی رەگەزپەرستانە بووەوە بەتایبەتی لە کۆمێنتی ئەو پۆستەی کە یاریزانەکە لە پەڕەی فەرمی خۆی کردبووی. 
 
پاشان یانەی نیوکاسڵ بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و تێیدا دەڵێت: نیوکاسڵ یونایتد بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە رەگەزپەرستیانە دەکات کە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئاراستەی برۆنۆ گیمارێش و جۆ ویڵۆک کراوە دوای بردنەوەی یارییەکەی دژی ئارسیناڵ. پەیامەکەمان روونە، لە تۆپی پێ و کۆمەڵگەدا هیچ شوێنێك بۆ رەگەزپەرستی نییە. ئێمە پشتیوانی لە برونۆ و جۆ دەکەین و لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کار دەکەین بۆ دەستنیشانکردنی ئەوانەی بەرپرسن لەم کارە بۆ ئەوەی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
 
نیوکاسڵ توانی لە یاریگەی سەینت جەیمس پارك ئارسیناڵ تووشی یەکەم شکستی ئەم وەرزە بکات و یارییەکەی بە گۆڵێکی بێ بەرامبەر لێ بردەوە، لەو یارییەدا برونۆ گیمارێش و جۆ ویڵۆك رۆلێکی بەرچاویان لە بردنەوەی یانەکەیان هەبوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە