مێسی دوای بردنەوەی خەڵاتی لۆریۆس چی گوت؟

09-05-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی پاریس سانجێرمانی، جارێکی دیکە چووەوە سەرستەیجی خەڵاتەکانی لۆریۆس و وەک باشترین وەرزشڤانی ساڵ خەڵاتکرا.
 
مێسی و ئانتۆنێلای هاوژینی دەستی یەکدیان گرتووە و بەیەکەوە چوونە نێو هۆڵی دابەشکردنی خەڵاتەکانی لۆریۆس، چەندین ئەستێرەی جیهان لە یارییە جیاوازەکان و کەسایەتییە بەنێوبانگەکان لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکاندا ئامادەبوون.
 
مێسی دوای بردنەوەی نازناوی مۆندیالی 2022ـی قەتەر و ئەو ئاستە بەرزەی لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی پێشکێشیکرد، بۆ جاری دووەم لە مێژوویدا خەڵاتەکەی بردەوە و بووە یەکەم یاریزانی تۆپی پێ دووجار ئەم خەڵاتە بەدەستبهێنێت.
 
لیۆنێل مێسی دوای بردنەوەی خەڵاتە قسەی بۆ ئامادەبووان کرد و گوتی "دڵخۆشم بە وەرگرتنی ئەم خەڵاتە، ئەمساڵ بەختم هەبوو و سەرکەوتووبووم لە بەدیهێنانی خەونە گەورەکەم کە بردنەوەی نازناوی مۆندیالە لەگەڵ هەڵبژاردەکەم، کە ئەمە کاتێکی زۆری خایاند تاوەکو پێیگەیشتم و بەدرێژایی کاروانی وەرزشیم چاوەڕێی بووم، بەڵام دواجار گەیشتمە ئامانجەکەم، چەندین ساتی خۆشم لەگەڵ بارسێلۆنا بەسەربرد و کاتی ناخۆشم لەگەڵ هەڵبژاردەکەم هەبوو، بەڵام زۆر سەختیم هاتە پێش و هەموویانم تێپەڕاند."

 
مێسی بۆ بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتە رکابەریی هەریەکە لە کیلیان ئێمباپێی هاوڕێی لە پاریس سانجێرمان، ماکس ڤێرستاپین، شۆفێری فۆرمولا وەن، موندۆ دوبلانتس، یاریزانی سوێدی لە گوڕەپان مەیدان، رافایێل نادال، تێنسزانی بەنێوبانگی ئیسپانی و ستیڤن کاری، ئەستێرەی باسکەی ئەمریکای دەکرد.
 
لۆریۆس خەڵاتێکی ساڵانەیە، لە ساڵی 2000ـەوە دەدرێتە باشترین وەرزشوانانی ساڵ و بەدەنگی 71 ئەندامی ئەکادیمیایەکە باشترینەکان هەڵدەبژێردرێن، کەمترینجاریش ئەو کەسانە خەڵاتەکەیان بردووەتەوە کە لە یارییە بە کۆمەڵەکاندا یارییدەکەن.

 
لە رێوڕەسمەکەدا کریستیان ئێریکسن، ئەستێرەی دانیمارک و یانەی مانچێستەر یونایتد خەڵاتی باشترین گەڕانەوەی پێدرا، کە دوای ئەوەی لە یۆرۆی 2020 تووشی جەڵتەی دڵ بوو، بەڵام بەهێزەوە گەڕایەوە.
 
هەڵبژاردەی ئەرجەنتینیش خەڵاتی باشترین هەڵبژاردەی جیهانی پێدرا.





 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە