رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دەستی بە لێکۆڵینەوەیەکی تووند کردووە، دوای ئەوەی هاندەرێک لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ و لە کاتی یارییەکەی بەرامبەر بێنفیکا سڵاوی نازییانەی کردووە، هاوکات یوفا بەدواداچوون بۆ کێشەیەکی رەگەزپەرستی نێوان ڤینیسیۆس جونیۆر و یاریزانێکی تیپی بەرامبەر دەکات.
یانەی ریال مەدرید رایگەیاند، ئەو هاندەرە لەلایەن هێزە ئاسایشپارێزەکانی یاریگەوە ناسراوەتەوە و دەستبەجێ لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ دەرکراوە. یانە ئیسپانییەکە لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، داوایان کردووە رێکاری دەرکردنی یەکجاری بۆ ئەو سەرپێچیکارە بگرنەبەر.
ریال مەدرید لە راگەیاندراوەکەیدا دەڵێت: "یانەکەمان سەرکۆنەی هەر جۆرە ئاماژە و دەربڕینێک دەکات هانی تووندوتیژی و رقوکینە لە وەرزش و کۆمەڵگەدا بدات".
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە، هەفتەی پێشوو لە یاریی چوون لە لیسبۆن، ڤینیسیۆس جونیۆری ئەستێرەی بەرازیلی، جیانلوکا پرێستیانیی یاریزانی بێنفیکای بەوە تۆمەتبار کرد سووکایەتیی رەگەزپەرستیی پێکردووە. یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا (یوفا) لێکۆڵینەوەی لەو دۆسیەیە دەستپێکردووە و یاریزانە ئەرجەنتینییەکەی بێنفیکاشی بە شێوەیەکی کاتی بۆ یەک یاری سزادا، هەر بۆیە لە یارییەکەی شەوی چوارشەممەدا بەشداری نەکرد.
لە رووی ئەنجامەوە، ریال مەدرید یارییەکەی بە ئەنجامی 2-1 بردەوە و بە کۆی هەردوو یاریی چوون و هاتن 3-1 سەرکەوت بۆ قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ، ڤینیسیۆس جونیۆریش گۆڵی سەرکەوتنی لە گێمی دووەمدا تۆمارکرد.
هاوکات خاڤیێر تێباس، سەرۆکی لالیگا لەبارەی سووکایەتیکردن بە ڤینیسیۆس رایگەیاند، رێکخراوەکەیان هەموو رووداوەکانی تۆمار دەکات و ئەو سووکایەتییانەی ئاراستەی ڤینیسیۆس دەکرێن لە ناوەندی ئەو تۆمارانەن.
تێباس لە کۆنفڕانسێکی ئابووریی وەرزشیدا گوتی: "ڤینیسیۆس لە ناوەندی ئەم کێشەیە دایە، چونکە ئەو پێشەنگی جەنگی دژی رەگەزپەرستییە". هەروەها گوتی: "هیچ پاساوێک نابێت بهێندرێتەوە بۆ بەگرینەکردن لە ڤینیسیۆس لەم سووکایەتییانە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ