رووداو دیجیتاڵ
دوای کۆتاییهاتنی یارییەکانی پاشکۆی گەیشتن بە قۆناخی 16ـی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، ناسنامەی هەموو ئەو یانانە ئاشکرا بوو کە دەگەنە قۆناخی یەکلاکەرەوە. گەورەترین سوپرایزی ئەم قۆناخەش، ماڵئاواییکردنی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی، دووەمی وەرزی رابردووی چامپیۆنزلیگ بوو، کە نەیتوانی بلیتێکی ئەم قۆناخە بەدەستبهێنێت و لەسەر دەستی بۆدۆ گلیمت ماڵئاواییەکی تاڵ و پێشوەختەی کرد.
تیروپشکەکە کەی و لەکوێیە؟
بڕیارە رۆژی هەینی داهاتوو، کاژێر 14:00 بە کاتی باشووری کوردستان، لە شاری نیۆنی سویسرا و لە بارەگای یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا، تیروپشکی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ ئەنجام بدرێت. لەم تیروپشکەدا، یانەکان نەک تەنیا رکابەرەکانیان، بەڵکو رێڕەوی خۆیان تاوەکو یاریی کۆتایی دەزانن.
لیستی یانە سەرکەوتووەکان..
ــ ئەو یانانەی راستەوخۆ لە قۆناخی یەکەمدا سەرکەوتن:
ئارسیناڵ، بایرن میونشن، تۆتێنهام، لیڤەرپوول، بارسێلۆنا، چێڵسی، مانچێستەر سیتی و سپۆرتینگ لیسبۆن.
ــ ئەو یانانەی لەڕێگەی پاشکۆوە سەرکەوتن:
ئاتلێتیکۆ مەدرید، بۆدۆ گلیمت، بایەرلیڤەرکوزن، نیوکاسڵ یونایتد، پاریس سانجێرمانی پاڵەوانی وەرزی رابردوو، ریال مەدریدی پاشای چامپیۆنزلیگ و ئاتاڵانتا.
رووبەڕووبوونەوە ئاگرینە چاوەڕوانکراوەکان
بەهۆی ئەوەی هەندێک لە زەبەلاحەکانی ئەورووپا (وەک ریال مەدرید و پاریس سانجێرمان) لەڕێگەی پاشکۆوە سەرکەوتوون، پێشبینی دەکرێت تیروپشکەکە چەندین 'یاری لووتکە' و ململانێی تووند لەخۆ بگرێت، لەوانە:
ریال مەدرید – مانچێستەر سیتی (کلاسیکۆی نوێی ئەورووپا و دووبارەبوونەوەی سیناریۆیەکی پڕ لە جۆشوخرۆش).
بارسێلۆنا – پاریس سانجێرمان: (شەڕی بلاوگرانا و پاریسییەکان، کە هەمیشە پڕ بووە لە سوپرایز).
پاریس سان جێرمان – چێڵسی: (ململانێیەکی کلاسیکی دیکە).
لیڤەرپوول – ئاتلێتیکۆ مەدرید: (شەڕی تاکتیکی لەنێوان قوتابخانەی ئینگلیزی و ئیسپانی).
بایرن میونشن – بایەر لیڤەرکوزن: (لووتکەیەکی ئەڵمانی لەنێو دڵی ئەورووپا).
ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر شاری نیۆنن، تاوەکو بزانرێت تیروپشکەکە چ چارەنووسێک بۆ گەورەکانی کیشوەرە پیرەکە دیاری دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ