رووداو دیجیتاڵ
راول ئاسێنسیۆ، بەرگریکاری یانەی ریال مەدرید دوای ئەو پێکدادانە تووندەی لە یارییەکەی بەرامبەر بێنفیکا لە چامپیۆنزلیگ تووشی بوو، پشکنینە پزیشکییەکانی ئەنجامدا و دەرکەوت تووشی هەژانی مێشک بووە، بەو هۆیەشەوە بەشدارییکردنی لە یاریی داهاتوو لە لالیگا بەرامبەر خیتافی کە بڕیارە لە 2ـی مانگی سێ لە مەدرید ئەنجام بدرێت جێگەی گومانە.
میدیاکانی ئیسپانیا بڵاویانکردەوە، راول ئاسێنسیۆ دوای ئەنجامدانی چەندین پشکنینی جیاواز لە نەخۆشخانە، گەڕاوەتەوە ماڵەکەی و دۆخی جێگیرە، بەڵام پێویستی بە پشوودانی تەواو هەیە. یانەی ریال مەدرید هیچ کاتێکی بۆ گەڕانەوەی ئەو یاریزانە دیاری نەکردووە و چاودێری رۆژانەی دۆخەکەی دەکەن.
ئەو یاریزانە لە یاریی گەڕانەوەی بەرامبەر بێنفیکا لە چامپیۆنزلیگ، بەهۆی پێکدادانی لەگەڵ ئێدواردۆ کاماڤینگای هاوتیپی بە تووندی تووشی پێکان هات و بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە. پزیشکەکان رایانگەیاندووە، ئاسێنسیۆ تووشی پێکان لە مل و هەژانی مامناوەندی مێشک بووە، جگە لەمانە هیچ مەترسییەکی دیکەی لەسەر نییە.
راول ئاسێنسیۆ لە هەژماری فەرمیی خۆی لە ئینستاگرام پەیامێکی بڵاوکردەوە و گوتی: "سوپاس بۆ هەموو نامە و پشتگیرییەکانتان، دۆخێکی ترسناک بوو، با بەرەو قۆناخی داهاتوو هەنگاو بنێین، هەلا مەدرید".
حاڵی حازر ئەلڤارۆ ئەربێلوا تەنیا دوو بەرگریکاری ئامادەی لەبەردەستە کە بریتین لە ئەنتۆنیۆ رودیگێر و داڤید ئەلابا، هەروەها پێشبینی دەکرێت بۆ یاریی داهاتوو بەرامبەر خیتافی، دین هاوسن ئامادە بێت بۆ یاریکردن دوای ئەوەی لە یارییەکەی بێنفیکا بەهۆی ماندوێتییەوە بەشداری نەکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ