رووداو دیجیتاڵ
ئەگەرچی کۆتاییەکانی وەرزی رابردوو بۆ ریال مەدرید و کارلۆ ئەنچێلۆتی، پڕبوون لە ئاهەنگ و خۆشی و سەماکردن، گەڕان بەشەقامەکانی پایتەخت و شانازی بەنازناوەکان، بەڵام پێناچێ کۆتایی ئەم وەرزە دووبارەبوونەوەی هیچکام لەو رووداوانە بەخۆوە ببینێت.
وەرزی رابردوو، ریال مەدرید دووانەی لالیگا و چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنا، ئێستا لە یەکێکیاندا بەهەناسەبڕكێوە رکابەری دەکات و لەویدیکەشیاندا، چەند هەفتەیەک ماڵئاوایی کردووە، بەڵام رووداوێکی گرنگ بۆ یانەکە هەیە ئەمشەو، ئەو رووداوەش کۆپا دێل رێیە.
وەرزێکی پڕ لە کەوتن.. شکست و ئاستی خراپ، پێکان و ناسەقامگیری و کێشە و هەڵچوون.. رۆژەکانی ریال مەدریدیان لە ساڵەکەدا نەخشاند، وەرزێک کە لە کۆتاییەکەی نزیکدەبێتەوە و هێشتا هاندەری یانەکە، یارییەکی پڕ چێژ و هێزی تیپەکەی نەبینیوە.
ئەگەرچی لە هاویندا، یەکێک لە خەونە لەمێژینەکانی هەموو مەدریدیستا هاتە دی و دواجار کیلیان ئێمباپێ لە نێو سانتیاگۆ بێرنابیۆ گوتی، هەلا مەدرید... بەڵام لە کۆتایی یەکەم وەرزی ئەو ئەستێرەیەدا لەگەڵ یانەکە، پێناچێ جگە لە بێئومێدی، شتێکی دیکە بچنرێتەوە.
ریال مەدرید ئەگەرچی هێشتا خۆی وەک رکابەر لەسەر نازناوی لالیگا دەبینێتەوە، بەڵام پێناچێ کەس باوەڕی بەوە هەبێت، بارسێلۆنای رکابەر وا بەئاسانی خاڵەکان بخاتە گیرفانی مەدریدەوە تاوەکو بەهۆی ئەو خاڵانەوە پردی گەیشتن بەسەکۆی نازناوەکە ببڕێت.
ریال مەدرید لە چامپیۆنزلیگدا بەئاسانی لەسەردەستی ئارسیناڵی ئینگلیزی دەرکرا و تیپەکە ئەگەرچی ئومێدی بەریمۆنتادا و جادووی گەڕانەوە لە مەرگەوە هەبوو، بەڵام ئەمجارەیان نەیتوانی بیکات و راستییەکان گوتیان بەسە، چونکە لە هەموو هەورێک باران نابارێت.
ئەوەی بۆ ریال مەدرید ماوەتەوە ئەمساڵ، یاریی کۆتایی جامی شایە و ئەو یارییەش، لە نێو گومان و بێمتمانەییەکی زۆردا لەچواردەوری تیپەکە ئەنجامدەدرێت و هەمووان باسی ئەو دەکەن، یارییەکە زۆر شت دەخاتە سەر مەحەک.
بردنەوەی نازناوی جامی شا لەوانەیە دەرگا بەڕووی بەردەوامبوونی ئەنچێلۆتیدا بکاتەوە، لەوانەیە ریمۆنتادا بەسەر بارساشدا لە لالیگا بهێنیتە ئاراوە، بەڵام شکست و لەدەستدانی، تەنیا یەک راستی دەگێڕێتەوە، ئەو راستییەی کە دەڵێ، ئیدی لە مەدرید هەموو شت پێویستی بەگۆڕانکارییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ