چامپیۆنزلیگ.. شەوی یەکلاکردنەوەی تیپەکانی قۆناخی 16

28-11-2023
ئاسوودە پێشەوا
نیشانەکردن چامپیۆنزلیگ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بارسێلۆنا و پۆرتۆ شەڕی بەدەستهێنانی پلەی یەکەم دەکەن، یانەکانی کۆمەڵەی مەرگیش دەیانەوێت ئەمشەو چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن.
 
جارێکی دیکە چامپیۆنزلیگ بە چەندین یاری بەهێز و سەرنجڕاکێشەوە دەگەڕێتەوە و رەنگە یارییەکانی ئەمشەو چارەنووسی چەندین یانەی گەورەی ئەوروپا لە خولەکەدا یەکلابکاتەوە.
 
لازیۆ vs سێڵتیك 
سەرەتا لە کاژێر 20:45، لازیۆ لە یاریگەی ئۆڵیمپیکۆ میوانداری سێڵتیك دەکات. 
 
سێڵتیك لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا یەك بەرامبەربوونی هەیە و سەرجەم یارییەکانی دیکەی دۆڕاندووە و هیوای گەیشتنی بە قۆناخی داهاتووی خولەکە لەدەستداوە. یانە سکۆتلەندییەکە لە دوایین 14 یاری لە چامپیۆنزلیگدا هیچ بردنەوەیەکی تۆمارنەکردووە و ئەگەر یارییەکەی ئەمشەوی دژی لازیۆ نەباتەوە دەبێتە یەکەمین یانەی بەریتانی لە مێژووی چامپیۆنزلیگدا 15 یاری لەسەریەك هیچ بردنەوەیەك تۆمارنەکات.
 
لازیۆ لە دوای ئەوەی لە دوایین یاریدا لە چامپیۆنزلیگ توانی بە گۆڵێکی ئیمۆبێلی سەرکەوتن لە دژی فاینۆرد بەدەستبهێنێت، ئەمشەو چاوی لەوەیە بە بردنەوە لە دژی سێڵتیك بۆ یەکەمین جار لەدوای ساڵی 2001 دوو یاری لەسەریەك لە چامپیۆنزلیگدا بباتەوە و هەلی گەیشتنی بە قۆناخی داهاتوو زیادبکات. یانە ئیتاڵییەکە لە چوار یاریدا دوو بردنەوە و یەکسانبوونێك و دۆڕانێكی هەیە و بە حەوت خاڵ پلەی دووەمی ریزبەندی کۆمەڵەکەی گرتووە.
 
 
شاختار دۆنێتسك vs رۆیال ئانتوێرپ
لە هەمان کاتدا و لە کۆمەڵەیەکی دیکەدا، یانەی شاختار دۆنێتسك میوانداری رۆیال ئانتوێرپ دەکات. 
 
شاختار بە بردنەوە لە بارسێلۆنا لە دوایین یارییاندا ژمارەی خاڵەکانی بۆ شەش خاڵ زیادکرد و هیوای گەیشتنی بە قۆناخی داهاتوو زیندووکردەوە. ئەمشەویش بە بردنەوە لە دژی رۆیال ئانتوێرپی دوا پلەی ریزبەندی دەتوانێت فشارێکی زۆر بخاتە سەر بارسێلۆنا و پۆرتۆ و ژمارەی خاڵەکانی لەوان نزیك بکاتەوە. ئانتوێرپ لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا زۆرترین گۆڵی لێکراوە (14 گۆڵ) و شانبەشانی بێنفیکا تاکە دوو یانەن لەم وەرزەی خولەکەدا سەرجەم یارییەکانیان دۆڕاندووە و لە دوا پلەی ریزبەندی کۆمەڵەکەی دێت.
 
 
بارسێلۆنا vs پۆرتۆ
بارسێلۆنا لە یاریگەی ئۆڵیمپیك لویس کۆمپانیس میوانداری پۆرتۆ دەکات، لە یارییەکدا کە رەنگە سەرکەوتنی بلاوگرانا بۆ قۆناخی داهاتوو مسۆگەربکات. بارسێلۆنا بەباشی دەستی بەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ کردبوو کاتێك لە سێ یاریدا سەرجەم یارییەکانی بردبووەوە و بردنەوەیەك لە دژی شاختار، کورسیەکی قۆناخی داهاتووی بۆ یانە ئیسپانییەکە مسۆگەر دەکرد، بەڵام لێدانێکی سەری دانیلۆ سیکان لە یارییەکەدا بارسێلۆنای تووشی شکستکرد و سەرکەوتنی یانەکەی بۆ قۆناخی داهاتوو دواخست. 
 
بەهەمان شێوەی بارسێلۆنا، پۆرتۆ لەم وەرزەدا سێ بردنەوە و دۆڕانێکی هەیە و لە پلەی دووەمی ریزبەندی کۆمەڵەکەی دێت. یانە پۆرتوگالییەکە دەیەوێت بە بردنەوەی ئەم یارییە تۆڵەی شكستی دوایین رووبەڕووبوونەوەی دژی بارسێلۆنا بکاتەوە و هیوای گەیشتنی بە قۆناخی داهاتوو زیادبکات. لە ئەگەری نەبردنەوەی شاختار لە رۆیال ئانتوێرپ، یەکسانبوون یان بردنەوەیەك لەم یارییەدا پۆرتۆ بۆ قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ سەردەخات، بارسێلۆناش بە بردنەوەی یارییەکە بەبێ ئاوڕ دانەوە لە ئەنجامی یارییەکەی شاختار کوورسیەکی قۆناخی 16 مسۆگەر دەکات.
 
 
ئەیسی میلان vs بۆروسیا دۆرتمۆند
لە یەكێك لە بەهێزترین یارییەکانی ئەمشەودا، یانەی ئەیسی میلان لە یاریگەی سانسیرۆ میوانداری بۆروسیا دۆرتمۆند دەکات. 
 
هەردوو یانە بە بردنەوەی دوایین یارییان هیوای گەیشتنیان بە قۆناخی داهاتوو زیندووکردەوە. میلان لە سێ یاری یەکەمیدا لە چامپیۆنزلیگ تەنیا دوو خاڵی بەدەستهێنابوو و پێشبینی دەکرا هەر لەم قۆناخەدا ماڵئاوایی بکات، بەڵام لە دوایین یارییاندا بە دوو گۆڵی رافایل لیاو و ئۆلیڤیێ ژیرۆ توانی لە پاریس سانجێرمان بباتەوە، ئێستا میلان بە پێنج خاڵ پلەی سێیەمی کۆمەڵەکەی گرتووە و چاوی لەوەیە بە بردنەوەی ئەم یارییە بۆ دوو پلەی پێشەوەی ریزبەندی سەربکەوێت. 
 
بەهەمان شێوەی میلان، دۆرتمۆند بە خراپی دەستی بەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ کردبوو کاتێك لە دوو یاری یەکەمیدا تەنیا یەك خاڵی بەدەستهێنابوو، بەڵام دواتر بە ئاستێکی ناوازەوە گەڕانەوە و توانیان دوو بردنەوەی لەسەیەك دژی نیوکاسڵ یونایتد بەدەستبهێنن، ئێستا یانە ئەڵمانییەکە بە حەوت خاڵ پێشەنگی کۆمەڵەکەی گرتووە و دەیەوێت بە بردنەوەی ئەم یارییە کورسیەکی قۆناخی 16ـی خولەکە بۆخۆی مسۆگەربکات. 
 
 
پاریس سانجێرمان vs نیوکاسڵ یونایتد
لە یارییەکی دیکەی کۆمەڵەکی مەرگدا، یانەی پاریس سانجێرمان لە یاریگەی باخچەی شازادەکان میوانداری نیوکاسڵ یونایتد دەکات.
 
نیوکاسڵ بە ئاستە باشەکەی هەمووانی شۆککردبوو، کاتێك لە دوای دوو یاری بە چوار خاڵ پێشەنگی کۆمەڵەکەی گرتبوو و بردنەوەیەکی مێژوویی بە ئەنجامی 4-1 لە دژی پاریس سانجێرمان تۆمارکرد، بەڵام دوو دۆڕانی یەك لەدوای یەك لە دژی بۆروسیا دۆرتمۆند یانە ئینگلیزییەکەی بۆ دوایین پلەی ریزبەندی دابەزاند و یەك دۆڕانی دیکە هیوای گەیشتنی بە قۆناخی داهاتوو لەناودەبات. 
 
پاریس سانجێرمان کە بە شەش خاڵ پلەی دووەمی کۆمەڵەکەی گرتووە،  چاوی لەوەیە لەم یارییەدا تۆڵەی شكستە ئابرووبەرانەکەی سەینت جەیمس پارك بکاتەوە و لە پلەکانی خوارەوەی ریزبەندی دووربکەوێتەوە. یانە پارسییەکە لەم وەرزەدا ئاستی ناجێگیرە و لە دوایین یارییاندا لە چامپیۆنزلیگ بە ئەنجامی 2-1 لە دژی ئەیسی میلان شکستی هێنا و بۆ پلەی دووەمی ریزبەندی کۆمەڵەکەی دابەزی. پاریس سانجێرمان هەرگیز حەز بە رووبەڕووبوونەوەی یانە ئینگلیزییەکان ناکات، یانەکە لە دوایین هەشت یاریدا لە دژی ئینگلیزەکان شەش یاری دۆڕاندووە و دوایین جاریش دۆڕانەکەی دژی نیوکاسڵ بوو کە بە ئەنجامی 4-1 شکستی هێنا.
 
 
فاینۆرد vs ئاتلێتیکۆ مەدرید 
لە کۆمەڵەیەکی دیکەدا، یانەی فاینۆرد میوانداری ئاتلێتیکۆ مەدرید دەکات.
 
ئاتلێتیکۆ مەدرید لە چوار یاریدا دوو بردنەوە و دوو یەکسانبوونی هەیە و بە هەشت خاڵ لە پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەی دێت، چاوی لەوەیە بە بردنەوەی ئەم یارییە سەرکەوتن بۆ قۆناخی 16ـی خولەکە مسۆگەربکات.
 
سەبارەت بە فاینۆرد، یانە هۆڵەندییەکە لە چوار یاریدا دوو بردنەوە و دوو دۆڕانی هەیە و بە شەش خاڵ لە پلەی سێیەمی کۆمەڵەکەی دێت و دەیەوێت بە بردنەوەی یارییەکە هیوای گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو زیادبکات.
 
 
مانچێستەر سیتی vs لایپزیگ
لە کۆمەڵەیەکی دیکە، یانەی مانچێستەر سیتی لە یاریگەی ئیتیحاد میوانداری لایپزیگ دەکات. 
 
هەردوو یانە سەرکەوتنیان بۆ قۆناخی داهاتوو مسۆگەرکردووە، بەڵام هێشتا پلەی یەکەمی ریزبەندی ماوە شەڕی لەسەربکەن. مانچێستەر سیتی بە ئاستێکی ناوازەوە دەستی بەم وەرزەی خولەکە کردووە و توانیویەتی سەرجەم یارییەکانی بباتەوە و بە 12 خاڵ پێشەنگی کۆمەڵەکەی گرتووە. 
 
سەبارەت بە لایپزیگ، یانەکە دۆخی باشە و لە چوار یاریدا سێ بردنەوە و دۆڕانێکی هەیە، بە نۆ خاڵ پلەی دووەمی کۆمەڵەکەی گرتووە و سەرکەوتنی بۆ قۆناخی داهاتوو مسۆگەرکردووە. 
 
 
یۆنگ بۆیز vs سرڤێنا زڤێزدا
لە یارییەکی دیکەی هەمان کۆمەڵەدا، یانەی یۆنگ بۆیز میوانداری سرڤێنا زڤێزدا دەکات. لە کاتێکدا مانچێستەر سیتی و لایپزیگ شەڕی بەدەستهێنانی پلەی یەکەم دەکەن، یۆنگ بۆیز و سرڤێنا شەڕیانە لەسەر پلەی سێیەم و دەیانەوێت کوورسیەکی پلەی ئۆفی یۆرۆپالیگ بەدەستبهێنن. هەردوو یانە لە چوار یاریدا سێ دۆڕان و یەکسانبوونێکیان هەیە و پلەکانی سێیەم و چوارەمی کۆمەڵەکەیان گرتووە. 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە