رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران داوا لە فیفا دەکات، رێگری لە دەستێوەردانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کاروباری تۆپی پێدا بکات و پێنج یاریزانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی خانمانی وڵاتەکە مافی پەنابەریان لە ئوسترالیا وەرگرت.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران، لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا داوای لە یەکێتیی تۆپی پێی جیهان (فیفا) کرد، رێگری بکات لەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا،"دەستوەردانی سیاسی" لە کاروباری وەرزشیی ئەو وڵاتەدا بکات.
ئەم کاردانەوەیەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران دوای ئەوە دێت کە پێنج یاریزانی هەڵبژاردەی ئافرەتانی ئێران لە ئوسترالیا داوای پەنابەرییان کرد و ترەمپیش پشتگیریی خۆی بۆ دەربڕین.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران لێدوانەکانی ترەمپی بە "نەزانانە" ناوبرد و رایگەیاند کە ئەمە دەستێوەردانێکی راستەوخۆیە لە کاروباری تۆپی پێدا.
فیدراسیۆنەکە دەڵێت "رەتکردنەوەی ڤیزای ئەمریکا بۆ بەرپرسانی فیدراسیۆن و هاوکاتبوونی ئەم رووداوانە لەگەڵ هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، "ئاسۆیەکی ئەرێنی بۆ بەڕێوەچوونی مۆندیال نیشان نادەن."
ئەم کاردانەوەیەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران لەکاتێکدایە ئێوارەی رۆژی دووشەممە دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ" رایگەیاند، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا گفتوگۆی کردووە بۆ پاراستنی یاریزانەکانی تیپی خانمانی هەڵبژاردەی ئێران.
ترەمپ لە پەیامێکدا لە ترۆس سۆشیاڵ گوتی"ئوسترالیا هەڵەیەکی مرۆیی گەورە دەکات ئەگەر یاریزانەکان ناچاربکات بگەڕێنەوە"، چونکە مەترسیی جددی لەسەر ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان هەیە. جگە لەوەش داوای لە ئوسترالیا کرد مافی مانەوە بداتە ئەو یاریزانە بۆ ئەوەی سەلامەتیان پارێزراو بێت.
ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە دێن کە هەر پێنج یاریزان (ئاتەفە رەمەزانی زادە، زەهرا سەربەلی، مۆنا حەموودی، فاتمە پاسەندیدە و زەهرا غەنبەری) کەمپی هەڵبژاردەکەیان لە ئوسترالیا جێهێشت.
ئوسترالیا وەڵامی داواکاریی ئەو پێنج یاریزانە ئێرانییەی دایەوە و بەشێوەیەکی فەرمی مافی پەنابەریی دایە یاریزانەکان، تۆنی بێرک، وەزیری کاروباری ناوخۆی ئوسترالیا دوای پێدانی مافی مانەوە لە وڵاتەکەی بەو پێنج یاریزانە گوتی "بە ئەندامانی دیکەی تیپەکە دەڵێم هەمان دەرفەت بۆ ئێوەش هەیە. ئوسترالیا تیپی تۆپی پێی خانمانی ئێرانی خستووەتە ناو دڵییەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ