رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی یەکشەممەی داهاتوو لە یاریی کۆتایی جامی جیهانی یانەکاندا ئامادەدەبێت کە لە نیوجێرسی بەڕێوەدەچێت.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، دوای کردنەوەی نووسینگەی تایبەتی فیفا لە تاوەر ترەمپ لە نیویۆرک، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریداوە رۆژی یەکشەممە لە یاریی کۆتایی مۆندیالی یانەکاندا ئامادەببێت.
یارییەکانی مۆندیالی یانەکان تەنیا دوو یاریی ماوە کۆتاییبێت، ئەمشەو دووەم یاریی قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکە لەنێوان ریال مەدریدی ئیسپانی و پاریس سانجێرمانی فەرەنسی بەڕێوەدەچێت، رۆژی یەکشەممە براوەی یارییەکە بەرامبەر چێڵسی ئینگلیزی رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکە دەکات.
یاریی کۆتایی مۆندیالی یانەکان لە یاریگەی مێتلایف لە نیوجێرسی بەڕێوەدەچێت، ترەمپ تێیدا ئامادەدەبێت، بۆ دووپاتکردنەوەی ئەو پاڵپشتییەی کە لە سەرەتای پاڵەوانێتییەکەدا لە مۆندیالی یانەکانی کردووە.
ترەمپ مانگی شوباتی رابردوو، لە یارییەکی سوپەر بۆڵ ئامادەبوو و ئەمجارە لە یارییەکی تۆپی پێدا ئامادەدەبێت، هەم وەکو پاڵپشتیکردن لە پاڵەوانێتییەکە هەمیش بۆ ئەو ئامادەکارییانەی لە وڵاتەکەدا بۆ مۆندیالی هەڵبژاردەکان دەکرێت.
جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا دەڵێت "حکومەت و سەرۆکی ئەمریکا پاڵپشتییەکی زۆر گەورەمان دەکەن، لە رێگەی لیژنەی تایبەتی کۆشکی سپییەوە هەم بۆ جامی جیهانی یانەکان و هەمیش بۆ مۆندیالی ساڵی داهاتووی هەڵبژاردەکان."
سەرۆکی فیفا زیاتر گوتی "فیفا رێکخراوێکی جیهانییە و بۆ ئەوەی جیهانی بیت، دەبێت ناوخۆیی بێت، دەبێت لە هەموو شوێنێک بێت، بۆیە دەبێت لە نیویۆرکیش بین."
پێشتر دۆناڵد ترەمپ، بەشداریی لە یارییەکی UFCـی کردووە لە نیوجێرسی و رایگەیاندبوو، ساڵی داهاتوو یارییەکی UFC لە کۆشکی سپی دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ