ڤیدیۆ؛ پێپ گواردیۆلا.. ئەو فەیلەسووفەی تۆپی پێ بووەتە هۆکاری هەڵوەرینی تاڵە رەش و سپییەکانی پرچی

10-06-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
پێپ گواردیۆلا
پێپ گواردیۆلا
نیشانەکردن پێپ گواردیۆلا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ناویان ناوە فەیلەسووف، ئەو لەبارەی ژیانەوە فەلسەفە لێنادات، بەڵکو تایبەتمەندی تۆپی پێیە.. هێندەی بیرکردووەتەوە، ساڵانی تەمەنی راهێنەرایەتی ئەو، بوونە هۆکار بۆ هەڵوەرینی تاڵە رەش و سپییەکانی پرچی.. ئەو ئیدی بووە فەیلەسووفێکی سەر رووتاوە کە تەنیا بردنەوەی قبووڵە و دۆڕان، لەناخەوە تێکیدەشکێنێت.
 
ئەوانەی کاریان لەگەڵدا کردووە، بەسەر دووبەرەدا دابەشبوون، بەرەیەک کە پەسنی دەدات و پێیوایە فەیلەسووفە و لە فەیلەسووفیش زیاتر.. بەرەیەک کە رەخنەی لێدەگرن و بەکەسێکی نادادپەوەری نەرجسیی ناوی دەبەن.
 
هەندێک دەڵێن ئەوە شێت و شەیدایی ئەوە بۆ تۆپی پێ و بۆ سەرکەوتن و بردنەوە کە وایانکردووە، پێپ لەسەر هێڵی یاریگەش نەزانێ بەئارامی رابوەستێت و بەردەوام لە جووڵەدابێت.. هەڵبچێت و بنیشێتەوە.. ئارام بێت و تووڕە.. بیری لای ئەوە نەبێت یاریی لەسەرەتادایە یان کۆتایی و تا دوا سات، هەر رێنوێنی بدات بە یاریزانەکانی.. ئەوانیدیکە دەڵێن نەخێر، ئەوە پێپە.. راستە لێهاتووە، بەڵام ئەکتەرێکی باشە.. دیکتاتۆرێکە و زەردەخەنە دەبەخشێتەوە.. نایەوێ سەرنجی کامێراکان لەسەر یاریزانەکانی بێت، دەیەوێت هەمووان  هەر خەیاڵیان لای ئەو و جووڵە پەهلەوانییەکانی بێت.
 
پێپ لەم نێوەدا ماوەتەوە.. لە راستیدا لە رۆیشتن بەردەوامە.. کاردەکات و کاردەکات.. هەر بیر لە تۆپی پێ دەکاتەوە، لە هەر شوێنێک بێت، داهێنانی خۆی دەکات.. لە هەر جێگایەک بێت بزوێنەری هەموو ئەوانەیە کە لەگەڵیدان و لە هەر شوێنێک بێت، تەنیا یەک دروشمی هەیە، ببەرەوە و ببەرەوە.
 
پێپ ساڵانی کارکردنی بەردەوام دەبن.. شکست تووشی خەمی دەکەن.. بردنەوە دڵخۆشی دەکەن.. نایەوێ ئاوڕ لە رابردوو بداتەوە.. ناشیەوێ باسی داهاتوو بکات... ئەو هەموو کات دەیەوێت لە ئێستادا بژی.. ئێستایەک کە بۆی هەیە بەرگێکی دیکە بەرابردوو ببەخشێت و ئاراستەیەکی دیکەش بۆ داهاتوو دیاریی بکات.. ئێستایەک کە دەکرێ بۆچوونی ئەوانە سەربخات کە ئەو بە ئەفسانەیەکی نێو دونیای راهێنەرایەتی ناودەبەن و پێی دەڵێن فەیلەسووف، دەشکرێ دڵی ئەوانە خۆشبکات کە ئەویان پێ ئەزم ناکرێ و دەتوانێ چەکی ئەوەیان بداتە دەست کە لە کۆتاییدا پێی بڵێن، فەرموون ئەوە فەیلەسووف بوو، جارێکی دیکە بووەوە قوربانی لێدانی فەلسەفەیەکی دیکە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە