ڤیدیۆ؛ ئینگلتەرا دەیەوێ وەک فەرەنسا و پۆرتوگال پێنجەم بردنەوەی لەسەریەک بەدەستبێنێت

09-09-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
هاری کەین
هاری کەین
نیشانەکردن هەڵبژاردەی ئینگلتەرا پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

پاش نزیکبوونەوەی هەریەکە لە فەرەنسا و پۆرتوگال لە گەیشتن بە یۆرۆی 2024ـی ئەڵمانیا، هەڵبژاردەی ئینگلتەرا هەمان هەنگاو دەنێت و دەیەوێت سێیەم هەڵبژاردەی کیشوەرەکە بێت کە لە پاڵاوتنەکاندا پێنجەم بردنەوەی لەسەریەک بەدەست دەهێنێت.
 
ئینگلتەرا دەبێتە میوانی ئۆکراینا، هەڵبژاردەیەک کە بەهۆی بوونی شەڕەوە لە وڵاتەکەیدا، یارییەکانی خۆی لە پاڵاوتنەکان لەسەر خاکی پۆڵەندا ئەنجامدەدات و ئەمشەو لە نێو یاریگەی مۆنیسیپاڵ میوانداریی ئینگلیزەکان دەکات.
 
ئینگلتەرا و کرواتیا لە کۆمەڵەی سێیەمی پاڵاوتنەکاندا، پلەکانی یەکەم و دووەمیان گرتووە و کرواتییەکان پێویستیان بەئەنجامێکی باش لە یارییەکەی ئەمشەو هەیە بۆئەوەی نەکەونە بەر مەترسیی هەڵسانەوە و راپەڕینی ئیتاڵییەکان کە هەمان شەو یارییدەکەن.
 
ئۆکراینا، دوو یاریی بەرامبەر دوو لاوازترین هەڵبژاردەی نێو کۆمەڵەکە بردووەتەوە کە مەسەدۆنیای باکوور و ماڵتان، بۆ ئۆکراینییەکان دەرچوون بەئەنجامێکی باشەوە لە یارییەکەی ئەمشەودا، مانای زۆر دەدات، چونکە وەک یاریزانانی هەڵبژاردەکە هەستیپێدەکەن، یارییکردن لەسەر خاکی پۆڵەندا، بۆ ئەوان وەک یارییکردن لەسەر خاکی خۆیان نییە.
 
ئەلیکساندەر زینچینکۆ, یاریزانی هەڵبژاردەی ئۆکراینا، دەڵێت "مەحاڵە بڵێین ئەو کەشەی لێرە هەیە، هەمان ئەو کەشەیە کە لە ئۆکراینا هەیە ئەگەر لەوێ یارییمان بکردایە، چونکە کاتێک لە ئۆکراینا یارییدەکەین، کەشوهەواکە جیاوازە، هەر بۆیە ئێمە بەتاسەیەکی زۆرەوە هەموومان چاوەڕێی ئەوە دەکەین بچینەوە لەسەر خاکی خۆمان یاریی بکەین".
 
ئینگلتەرا لە یارییەکەی ئەمشەودا لە تواناکانی هەریەک لە جاک گریلیش و ئەلیکساندەر ئارنۆڵد بێبەش دەبێت کە هەردوو یاریزانەکە بەهۆی پێکانەوە لە هەڵبژاردەکەیان دابڕاون، لە کاتێکدا رەحیم ستێرلینگی هێرشبەری چێڵسی بەبڕیاری راهێنەری هەڵبژاردەکە لە یارییەکە دوورخراوەتەوە.
 
ئینگلتەرا کە هەڵبژاردەیەکی پڕ لە یاریزان و وزەی جیاوازی هەیە، چاوی لەوەیە یەکێک بێت لەوانەی زوو خۆیان دەگەیەننە یۆرۆی هاوینی داهاتوو و ویستی سەرەکیی ساوسگێتی راهێنەر، خۆپاراستنە لە هەر سوپرایزێک کە دەکرێ ئۆکراینییەکان لە یارییەکەی ئەمشەودا بۆ ئینگلیزەکانی بهێننە ئاراوە، لە کاتێکدا دوا بردنەوەی ئۆکراینا لە ئینگلتەرا، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2009 کە ئەوکاتیش لە پاڵاوتنەکانی یۆرۆ بوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە