یارییەک بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ئەلۆنسۆ

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ریال مەدرید مانچێستەر سیتی چامپیۆنزلیگ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید لە دۆخێکی خراپدا بەرامبەر مانچێستەر سیتی یاری دەکات و دەیەوێت بەبردنەوەی یارییەکە هاندەرانی ئاشتبکاتەوە و بگەڕێتەوە سەر دۆخی ئاسایی.
 
لە رکابەرییەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا و لە گەڕی شەشەمدا، لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ، یانەی ریال مەدرید میوانداریی یانەی مانچێستەر سیتی دەکات، یانەکە لە کاتێکدا ئەم یارییە ئەنجامدەدات، سەرەتای ئەم هەفتەیە لە لالیگادا لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر سێلتا ڤیگۆ دۆڕا و یانەکە کەوتە نێو دۆخێکی ئاڵۆزەوە.
 
رۆژی سێشەممە یانەکە لە کۆمەڵگەی ڤالدێبێباس دوایین مەشقەکانی بۆ یارییەکە ئەنجامدا، ئەوەی بۆ هەمووان چاوەڕواننەکراو بوو بەشدارینەکردنی کیلیان ئێمباپێ بوو لە مەشقە بە کۆمەڵەکاندا و یاریزانەکە بەتەنیا لە هۆڵی وەرزشیدا مەشقەکانی ئەنجامدا و بە ئەگەری زۆرەوە ئەو یاریزانە بەشداری لە یارییەکەی ئەمشەودا ناکات، هەرچەند ئەلۆنسۆ لیستی یاریزانەکانی بۆ یارییەکە رانگەیاندووە و چاوەڕێی دوایین گۆڕانکارییەکان دەکات.
 
میدیای ئیسپانیا دەڵێت "ئەگەر ئێمباپێ بەشداری لە یارییەکەدا بکات، مەترسی پێکانێکی قورسی لەسەر دەبێت، بۆیە زەحمەتە بەشداری بکات."
 
جگە لەوە هەریەکە لە ئێدێر مێلیتاو، دین هاوسن، ئێدوارد کاماڤینگا، ئەلیکساندەر ئارنۆڵد، دانی کارڤاخاڵ، دەیڤد ئالابا و فێرلان مێندی بەهۆی پێکانەوە بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن."
 
ریال مەدرید لە چامپیۆنزلیگدا، چوار بردنەوە و دۆڕانێکی هەیە، نایەوێت یارییەکی دیکە بدۆڕێنێت و لە رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو بەشێوەی راستەوخۆ دووربکەوێتەوە.
 
لۆس بلانکۆس لەکاتێکدا میوانداریی مانچێستەر سیتی دەکات، ئەلۆنسۆ لە دۆخێکی باشدا نییە و راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دوای دۆڕانەکەیان بەرامبەر سلێتا ڤیگۆ رایانگەیاند، ئەمە دوایین هەلە بۆ ئەو راهێنەرە و دۆڕان لە یارییەکەدا ئەو لە دوورخستنەوە لە راهێنەرایەتیی یانەکە نزیکدەکاتەوە.
 
یانەی مانچێستەر سیتی بە ئامانجی بەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکە و تۆمارکردنی چوارەم بردنەوە لە چامپیۆنزلیگدا چووەتە مەدرید و بەرامبەر ریال مەدرید یاری دەکات.
 
یانە ئینگلیزییەکە رۆژی سێشەممە دوایین مەشقەکانی لە مانچێستەر ئەنجامدا و پاشان بەرەو مەدرید بەڕێکەوت و هیچ یەکەیەکی مەشقی لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ ئەنجامنەدا و تیپەکەی پێپ گواردیۆلا بۆ یارییەکە ئامادەیە.
 
مانچێستەر سیتی لە گەڕی رابردووی چامپیۆنزلیگدا لە یاریگەی خۆی بەرامبەر لیڤەرکوزن دۆڕا، تیپەکە خاوەنی سێ بردنەوە، یەکسانبوونێک و دۆڕانێکە، بەڵام دوای دۆڕانی لە گەڕی رابردوودا لە پرێمەرلیگدا سێ یاریی رابردووی لەسەریەکی بردووەتەوە و دەیەوێت بەبەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش شوێنی خۆی لە ریزبەندی چامپیۆنزلیگدا باشتر بکات.
 
ئێرلینگ هالاند لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا 5 گۆڵی تۆمارکردووە، ئامارەکانی بەرامبەر ریال مەدرید زۆر باش نین، یاریزانەکە لە 5 یارییدا 2 گۆڵی تۆمارکردووە و دەیەوێت ئەمشەو لە دەرەوەی یاریگەی خۆی هاوکاریی تیپەکەی بکات بۆ ئەوەی بە ئەنجامێکی باشەوە بگەڕێنەوە.
 
لە ریزەکانی ستیزنزدا هەریەکە لە جۆن ستۆنز، رۆدری و ماتیۆ کۆڤاچیچ بەهۆی پێکانەوە بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە