گانەرز دەیەوێت لە راماڵینی یانەکان بەردەوام بێت

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئارسیناڵ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئارسیناڵ دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات و پارێزگاری لە پلەی یەکەمی ریزبەندی چامپیۆنزلیگ بکات، کاتێک بەرامبەر کلەب برووجی بەلجیکی یاری دەکات.
 
رۆژی سێشەممە یانەکە لە بنکەکەی خۆی لە باکووری لەندەن مەشق و راهێنانی ئەنجامدا، پێش ئەوەی گەشت بکات بۆ بەلجیکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی یانەی کلەب بروج لە رکابەرییەکانی گەڕی شەشەمی قۆناخی خول لە چامپیۆنزلیگدا.
 
گانەرز لە پێنج گەڕی رابردوودا باشترین و بەهێزترین تیپی ئەورووپا بوو، دوو هەفتە لە مەوبەر سەرکەوتنێکی دیکەی بەرامبەر بایرن میونشن بەدەستهێنا، تاکە یانەیە هەر پێنج یارییەکەی یەکەمی بردووەتەوە، جگە لەوەش تیپەکە خاوەنی بەهێزترین هێڵی بەرگرییە و تەنیا یەک گۆڵی لێکراوە.
 
ئەوەی بۆ هاندەرانی یانە لەندەنییەکە دڵخۆشکەرە گەڕانەوەی گابریێل جیسۆسە، کە ماوەیەکی زۆربوو لە یاریگەکان دوورکەوتبووە و ئێستا بۆ یارییکردن ئامادەیە، بەڵام هەریەکە لە دیکلان رایس، لیاندرۆ ترۆسار، ویلیام سالیبا، گابریێل ماگالایس و کریستیان موسکێرا پێکانیان هەیە و یاری ناکەن.
 
ئارسیناڵ لە کاتێکدا ئەم یارییە دەکات لە گەڕی رابردووی پرێمەرلیگدا بەرامبەر ئاستۆن ڤیلا دۆڕاوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەر لە پلەی یەکەمە و نایەوێت دۆڕانێکی دیکەی تووش ببێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە