رووداو دیجیتاڵ
چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، یەکەم یاریزانی خۆی بۆ کلاسیکۆ سزادا و رێگەی پێنادات یەک خولەک یاری بکات، بەهۆی هەڵسوکەوتەکانی لە یاریی پێشووی ریال مەدرید بەرامبەر خیتافی.
بە بڕیاری چابی ئەلۆنسۆی راهێنەر، ئێندریکی بەرازیلی بەهۆی دووبارەکردنەوەی سەرپێچییەکانی، بۆ یەک خولەکیش بەشداری لە کلاسیکۆدا ناکات.
ئەمڕۆ کاژێر 18:15 بەکاتی باشووری کوردستان، ریال مەدرید لە یاریی کلاسیکۆی لالیگادا لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداریی بارسێلۆنا دەکات، کە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا ئەلۆنسۆی راهێنەری ریال مەدرید گوتی "هەموو یاریزانەکانم دەبێت ئامادەبن، چونکە هیچ یەکێکیان لە دەرەوەی پلانەکانمدا نییە". بەڵام وادیارە لە ئێندریک تووڕە بووە و لە ئێستاوە لە پلانەکانی بۆ کلاسیکۆ دوورخستووەتەوە.
هەڵسوکەوتی ئێندریک لە یارییەکەی رابردووی بەرامبەر خیتافی مشتومڕێکی بەرفراوانی لەناو ریال مەدریددا ناوەتەوە، بەڵام وەک سەرچاوەکانی نزیک لە ژووری جلگۆڕینی ریال مەدرید باسی دەکەن، ئەو یاریزانە بەرازیلییە سزایەکی قورسی لەلایەن راهێنەر چابی ئەلۆنسۆوە بەسەردا سەپێنراوە، دوای ئەو رووداوەی کە لەسەر کورسی یەدەگەوە روویدا، کاتێک یاریزانە بەرازیلییەکە هەڵسوکەوتێکی ناپڕۆفیشناڵی پیشاندا و شەقێکی لە بوتڵێکی ئاوی هەڵدا کاتێک زانی بەشداری لە یارییەکەدا ناکات.
ئەوان دەڵێن "ئەلۆنسۆ بە ئێندریکی گوتووە لە کلاسیکۆدا یەک خولەکیش یاری ناکات".
ئەو سەرچاوانە دەڵێن "ئەم هەڵسوکەوتە، کە لەلایەن راهێنەرەوە پەسەند نەکرا، کاریگەری نەرێنی خستە سەر هەلی ئێندریک بۆ گەڕانەوە بۆ پێکهاتەی سەرەکی".
سەرەڕای ئەوەی لە کاتی گەیشتنی بە مەدرید هەمووان هیوایەکی باشیان پێ هەبوو، بەڵام هەلی ئێندریک بۆ یاریکردن بەخێرایی لەم وەرزەدا نەما. لە دوایین یارییدا بەرامبەر یوڤێنتوس، لاوە بەرازیلییەکە تەواوی یارییەکە لەسەر کورسی یەدەگ مایەوە، ئەمەش رەنگدانەوەی بەردەوامی کەمبوونەوەی متمانەیەتی بە تیپەکە.
دۆخی ئێستا ئاماژە بەوە دەکات کە ئێندریک متمانەی راهێنەر ئەلۆنسۆی نییە، ئەمەش وای لێدەکات رووبەڕووی ئاستەنگە سەختەکان ببێتەوە لە هەوڵدان بۆ گۆڕینی رێڕەوی کاروانی وەرزشی خۆی.
دووبارەبوونەوەی بەردەوامی سەرپێچییەکانی و پێشکێشنەکردنی ئاستی پێویست لە راهێنانەکاندا، وایکردووە چابی ئەلۆنسۆ بڕیار بدات کە لە دەرەوەی یاریگەدا بهێڵێتەوە. راهێنەرەکە پێیوایە ئێندریک ئەو هەوڵە پێویستە نادات بۆ باشترکردنی دۆخی خۆی، ئەمەش بەشداریکردنی لە یارییەکانی داهاتوودا سەختتر دەکات.
تەنانەت لە کاتی نەبوونی هەندێک یاریزانی هێڵی هێرشبەردا، ئێندریک وەک دوا بژاردە لە پێکهاتەکەدا دەمێنێتەوە و تەنانەت سەرنجەکان لەسەر ئەستێرەی تیپی لاوان گۆنزالۆ گارسیا کۆکراوەتەوە کە ئێستا لەپێش ئەوەوەیە.
ئایا ئێندریک لە مانگی یەنایەردا دەڕوات؟
بێگومان دۆخی ئێستا گونجاو نییە بۆ ئێندریک، کە تەمەنی تەنیا 19 ساڵە و پێویستی بە خولەکەکانی یاریکردنی بەردەوام هەیە بۆ پاراستنی گەشەکردنی. لە ئەگەری بەردەوامبوونی کارەکان بەمشێوەیە، لەوانەیە یاریزانەکە ناچار بێت لە مانگی یەکی ساڵی داهاتوودا ریال مەدرید جێبهێڵێت ئەگەر بەشێوەی خواستنیش بێت، چونکە چەندین یانە ئارەزووی خۆیان بۆ بەدەستهێنانی خزمەتەکانی دەربڕیوە.
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو یانانە پلانیان هەیە پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە بکەن بۆ داواکردنی خواستنی تاوەکو کۆتایی وەرز، لەگەڵ گەرەنتی بەشداریکردنی بەشێوەیەکی سەرەکی. ئەگەر گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە دۆخیدا لەگەڵ تیپی یەکەمدا روونەدات، لەوانەیە ئێندریک خۆی لە ئاستەنگێکی راستەقینەدا ببینێتەوە بۆ گەڕاندنەوەی ئاستی خۆی و گەڕانەوە بۆ سەر رێڕەوی درەوشاوەیی کە هەمووان لە مەدرید پێشبینییان بۆ دەکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ