رووداو دیجیتاڵ
وەزیری وەرزشی ئێران، کۆتایی بە هەموو مشتومڕێک هێنا و دەڵێت "لەژێر هیچ بارودۆخێکدا بەشداری لە مۆندیالدا ناکەین."
ئەحمەد دونیا ماڵی، وەزیری وەرزشی ئێران، لە لێدوانێکدا لەبارەی بەشداریکردنی هەڵبژاردەی تۆپی پێی وڵاتەکەی گوتی "بارودۆخی ئێستا رەنگە پرسی گەشتکردنی هەڵبژاردەی ئێران بۆ ئەمریکا بۆ ئەنجامدانی یارییەکانی مۆندیال ئاڵۆز بکات.
وەزیری وەرزشی ئێران لە لێدوانێکی نوێدا دەڵێت "لەو کاتەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای تیرۆر کردووە، هیچ بارودۆخێک نییە رێگەمان پێبدات بەشداری لە مۆندیالی 2026 بکەین."
ئەحمەد دونیا ماڵی زیاتر دەڵێت "بە لەبەرچاوگرتنی کارە دوژمنکارانەکان دژی ئێران، لە ماوەی نۆ مانگدا دوو جەنگمان بەسەردا سەپێنراوە و هەزاران کەس لە رۆڵەکانی گەلەکەمان شەهید بوون." ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمە لە ناوخۆی ئێراندا پرسیاری دروست کردووە سەبارەت بە ئەگەری بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییەکدا کە لە وڵاتێک ئەنجامدەدرێت کە تۆمەتبارە بە تێوەگلان لەو هێرشانەدا."
وەزیری وەرزشی ئێران لەبارەی بڕیاری کۆتایی بەشدارینەکردنی ئێران لە مۆندیالدا گوتی " بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە بەشداریکردنی هەڵبژاردەی ئێران هێشتا یەکلا نەکراوەتەوە، حکومەت و دەسەڵاتە وەرزشییەکان بە وردی و لەبەر رۆشنایی پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەکانی ئێستا، بارودۆخەکە تاوتوێ دەکەن."
ئەم قسانەی وەزیری وەرزشی ئێران لە کاتێکدایە، رۆژی سێشەممە مەهدی تاج، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران گوتی "هەڵبژاردەکەمان نانێرینە ئەمریکا."
جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان دەڵێت "سەرۆک ترەمپ پێیگوتووم، پێشوازی لە بەشداریکردن هەڵبژاردەی ئێران دەکەن لە مۆندیال."
لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، دەنگۆی زۆر لەبارەی بەشدارینەکردنی ئێران لە مۆندیال بڵاوکراونەتەوە و ئەگەری هەیە هەڵبژاردەکە لە مۆندیال بکشێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ