رووداو دیجیتاڵ
پێشەنگی ریزبەندی پرێمەرلیگ، لە یاریگەی خۆیدا یاریی دەکات و بەبردنەوەی یارییەکەی دەیەوێت هەنگاوەکانی بۆ گەیشتن بە نازناوی پرێمەرلیگ خێراتر بکات.
یانەی ئارسیناڵ لە رکابەرییەکانی گەڕی 32ـی پرێمەرلیگ، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ کاژێر 14:30 لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر بۆرنمۆوس یاریی دەکات، یانەکە دەیەوێت بەبردنەوەی یارییەکە هەنگاوێکی دیکە لە بردنەوەی نازناوی پرێمەرلیگی ئەم وەرزە نزیک ببێتەوە و بەشێوەیەکی کاتی جیاوازییەکەی لەگەڵ مانچێستەر سیتی بۆ 12 خاڵ زیادبکات.
جگە لەوەش بردنەوەی ئەم یارییە دوای لەدەستدانی نازناوی کاراباو کەپ و کرانە دەرەوەی لە ئێف ئەی کەپدا، بۆ گانەرز مانایەکی زۆری دەبێت بەر لەوەی لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر سپۆرتینگ لیسبۆنەی پۆرتوگالی یاریی بکات.
ئارسیناڵ وەرزی رابردووی لە یاریگەی خۆیدا بە گۆڵێک بەرامبەر دوو گۆڵ بە بۆرنمۆوس دۆڕاوە و نایەوێت سیناریۆکە دووبارەببێتەوە.
بۆرنمۆوس لە پلەی سێزدەیەمی ریزبەندی پرێمەرلیگە، لە دوایین 5 یارییدا لە پرێمەرلیگدا لە هەموو یارییەکاندا یەکسانبووە و هیچ بردنەوەیەکی نییە.
لە یارییەکی دیکەدا کە کاژێر 19:30 دەکرێت، یانەی لیڤەرپوول لە دۆخێکی خراپدا میوانداریی یانەی فولهام دەکات و دەیەوێت زەردەخەنە بگەڕێنێتەوە بۆ سەر رووخساری هاندەرانی.
لیڤەرپوول دوایین یاریی پرێمەرلیگ بە برایتۆن دۆڕاندووە، دوای ئەوە لەلایەن مانچێستەر سیتییەوە چوار گۆڵی لێکرا و لە ئێف ئەی کەپ کرایە دەرەوە، پاشان لە چامپیۆنزلیگدا بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر یاریی چوونی قۆناخی هەشتی بە پاریس سانجێرمان دۆڕاند، کەواتە لە دوایین سێ یارییدا رێدز هەموو یارییەکانی دۆڕاندووە.
بۆیە ئەمڕۆ جگە لە بردنەوەی هیچ بژاردەیەکی دیکە لەبەردەم پێکهاتەی ئارنێ سڵۆتدا نییە، بەتایبەت کە رۆژی سێشەممە یاریی گەڕانەوە بەرامبەر پاریس سانجێرمان ئەنجامدەدەن.
فولهام لەم وەرزەدا ئەنجامەکانی خراپ نین، لە پلەی نۆیەمی ریزبەندی خولەکەیە و دەیەوێت سوود لە دۆخی خراپی لیڤەرپوول وەربگرێت بۆ ئەوەی بە ئەنجامێکی باشەوە بگەڕێتەوە لەندەن.
رێدز لە پلەی پێنجەمی ریزبەندە و 5 خاڵ لە ئاستۆن ڤیلای چوارەمەوە دوورە، بە دۆڕان لە یارییەکەدا ئەرکی ئەوان بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو زیاتر قورس دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ