رووداو دیجیتال
لیژنەی سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی دەستەیەکی نوێ بۆ یەکێتیی تۆپی پێی عێراق دەرگای بەربژێربوونی داخست، 41 کەس خۆیان بەربژێر کردووە و چاوەڕوانی ململانێییەکی بەهێز دەکرێت.
ئێستا لیژنەکە دەستیکردووە بە سەیرکردنی پڕۆفایلی کەسیی بەربژێرەکان لەڕووی یاساییەوە و دەبێت هەموو ئەو مەرجە یاساییانەیان تێدا بێت کە بۆیان دیاریکراوە، لە هەرێمی کوردستان 7 کەس خۆیان بەربژێرکردووە بۆ هەڵبژاردنەکانی دەستەیەکی نوێ بۆ یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، کە بڕیارە کۆتایی مانگی پێنج ئەنجامبدرێت.
بۆ پۆستی سەرۆکایەتی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق 3 کەس بەربژێرین، عەدنان درجال سەرۆکی ئێستای یەکێتییەکە بە دۆسێیەی گەیاندنی هەڵبژاردەی عێراق دوای چل ساڵ بۆ یارییەکانی مۆندیال جارێکی دیکە خۆی بەربژێرکردووە،
یونس مەحموود، کاپتنی هەڵبژاردەی عێراق بە پاڵپشتی ژمارەیەک بەرپرسی باڵای عێراق چاوی لە کورسیی سەرۆکایەتییەکەیە.
ئەیاد بنەیان، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وەرزش، ئەویش خۆی بۆ هەمان پۆست بەربژێر کردووە.
بۆ جێگری یەکەمی سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق 5 کەس بەربژێرن، کە بریتیین لە گۆڤەند عەبدولخالق، کە کوردە و ئێستا ئەندامی یەکێتییەکەیە. حەکیم شاکر، راهێنەری ناسراوی عێراق. عەلی جەبار، کە ئێستا هەمان پۆستی لە یەکێتییەکە هەیە. سەرمەد عەبدولئیلا، کە پێشتر سەرۆکی یەکێتیی مەلەوانی عێراق بووە و فیراس رازی، کە بازرگانێکی باشووری عێراقە.
لە پۆستی جێگری دووەمی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق جارێکی دیکە 5 کەس بەربژێرن؛ عەبدوڵڵا جەلال کوردە و سەرۆکی یانەی دهۆکە، محەممەد ناسر کە خەڵکی بەسرەیە و ئێستا ئەندامی یەکێتییەکەیە، سەدام عەزیز، عەلی جەبار لەگەڵ یاسر سەعید.
بۆ ئەندامێتی یەکێتییەکە 28 کەس ناوی خۆیان بەربژێرکردووە، کە بریتیین لە کەریم محەممەد عەلاوی، رەشا تاڵیب، سەباح قاسم، سامان حەمەد سلێمان کوردە و خەڵکی هەولێرە، ئێستا مامۆستایە لە کۆلیژی پەروەردەی وەرزشی زانکۆی سەڵاحەدین. عیماد یاسین، وەفا ناجی، عەلی عەبیس، ئەحمەد قاسم کوردە و خەڵکی دهۆکە، ئێستا بەرپرسی لقی دهۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراقە. مالح مەهدی، یەحیا زغەیر، نەعیم سەدام، خەڵەف جەلال، سابرین حامد، فەرقەد عەبدولکەریم، کامل زغەیر، ئەحمەد عۆدە، حازم تەیموور، بەدر ناسر، هونەر جەوهەر، کوردە و خەڵکی کەرکووکە، ئێستا سەرۆکی لقی کەرکووکی یەکێتییی تۆپی پێی عێراقە. مەحموود ئەحمەد، کوردە و خەڵکی سلێمانییە، ئێستا جێگری سەرۆکی یانەی پێشمەرگەی سلێمانییە، عەبدولڕەزاق ئەکرەم، محەممەد کازم، فراس نوری، غالب عەباس، رەحیم لەفتە، تەها عەبدولحەکیم، کوردە و خەڵکی زاخۆیە، ئێستا سەرپەرشتیاریی تیپی خولی ئەستێرەکانی یانەی زاخۆیە، کازم حەمەد، غانم عرێبی.
تەها عەبدولحەکیم، بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "لە عێراق دادپەروەری نییە و کاتی هەڵبژاردنەکان زۆر کاردەکرێن کە بێبەهان و بەداخەوە ئەوەش لە سایەی پرۆسەیەکی دیموکراتیانە جێبەجێ دەکرێت، من خۆم بەربژێر کردووە، بەڵام بە رەوشتبەرزی دەچمە نێو پرۆسەکەوە نەک بە رێگای دیکە، بەڕاستی بەهۆی پەیوەندییە باشەکانم زۆربەی یانەکانی عێراق پێشنیازی بەربژێر بوونیان پێداوم".
ئەو ململانێ و رکابەرییە لەسەر وەرگرتنی پۆستەکان لە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق لەکاتێکدایە هەڵبژاردەی عێراق لە مانگی پێنجی ئەمساڵ دەبێت خۆی بۆ یارییەکانی مۆندیال ئامادە بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ