رووداو دیجیتاڵ
یانەی هەولێر بۆ یارییەکی گرنگ لە نەجەفە و دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات، بۆ ئەوەی لە رکابەریکردن لەسەر پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە بەردەوامبێت.
هەولێر لە رکابەرییەکانی گەڕی 34 کاژێر 17:30 لە دەرەوەی یاریگای خۆی دەبێتە میوانی یانەی نەجەف و خۆی بۆ بردنەوەی یارییەکی دیکە و بەدەستهێنانی سێ خاڵ ئامادەکردووە.
یانەی هەولێر لە دۆخێکی باشدایە، سەرەڕای ئەوەی لە دوایین یارییدا بەرامبەر یانەی کارەبا یەکسانبوو و ئەمڕۆ دەیەوێت قەرەبووی لەدەستدانی ئەو دوو خاڵە بکاتەوە.
باسم قاسم، راهێنەری یانەی هەولێر لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی پێش یارییەکە گوتی "یاریی بەرامبەر نەجەف زەحمەت و بەهێز دەبێت، ئێمە بەدوای باشترکردنی شوێنەکەماندا دەگەڕێین، بۆیە پێویستە بەبیرکردنەوەی بەرزەوە بچین بۆ بردنەوەی یارییەکە".
راهێنەری هەولێر زیاتر دەڵێت "دوو یاریی داهاتوو نوێنەرایەتی لووتکەی هەوڵەکانی تیپەکە دەکەن بەدرێژایی وەرزەکە، بەدەستهێنانی ئەنجامی ئەرێنی لەو دوو یارییەدا نزیکمان دەکاتەوە لە مسۆگەرکردنی پلەی سێیەم و بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییەکی دەرەوەدا، لە هەمان کاتدا پێویستە بەردەوامبین لەسەر ئامانجەکەمان بۆ رکابەریکردن لەسەر پلەی دووەمی ریزبەند".
باسم ئامادەیی تیپەکەی بۆ یارییەکە دووپاتکردەوە و گوتی "هەموو تیپەکە ئامادەیە، هیچ یاریزانێک نییە ئامادەنەبێت، یاریزانەکان ئامادەن بۆ ئەوەی ئاستێکی بەرز پێشکێشبکەین و سێ خاڵ ببەنەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ