رووداو دیجیتاڵ
تۆماس توخێل، راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلتەرا پێیوایە مۆندیالی یانەکان کاریگەریی لەسەر ئاراستەی رکابەرییەکانی وەرزی داهاتووی پرێمەرلیگ دەبێت، وادەکات ئەو یانانەی تێیدا بەشدارنین، باشتر بن.
یەکشەممەی داهاتوو، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، مۆندیالی یانەکان بەوەشانی نوێی و بەبەشداری 32 یانەی جیاواز دەستپێدەکات، لە ئینگلتەرا یانەکانی مانچێستەر سیتی و چێڵسی بەشداریی لە مۆندیالەکەدا دەکەن.
توخێل دەیەوێت ئارام بێت لەبەرامبەر هەر کاریگەرییەکی پاڵەوانێتییە نوێیەکەی فیفا لەسەر یاریزانانی هەڵبژاردەکەی، لە کاتێکدا ویستی ئاشکرای خۆی بۆ بەدەستهێنانی پاڵەوانێتییەکە بەبەدەستهێنانی نازناوەکەی ئاشکرا کردووە.
توخێل پێیوایە، مۆندیالی یانەکان، رۆڵی راستەوخۆی دەبێت لە دەستنیشانکردنی تیپی براوەی نازناوی پرێمەرلیگی ساڵی داهاتوو. ئەو پێیوایە پێشینەی بردنەوەی نازناوەکە لە وەرزی داهاتوودا بۆ لیڤەرپوول و ئارسیناڵ دەبێت، چونکە یاریزانەکانیان زۆرتر پشوو دەدەن و بەوەش توانای رکابەرییان لەسەر نازناوی پرێمەرلیگ باشتر دەبێت.
راهێنەری ئینگلتەرا دەڵێ، پێموایە مۆندیالی یانەکان، کاریگەریی گەورەی دەبێت بۆ ئەوەی پێشینە بداتە لیڤەرپوول و ئارسیناڵ لە بەدەستهێنانی نازناوەی خولەکە لە وەرزی داهاتوودا.
توخێل هەروەها دەڵێ، پاڵەوانێتییەکە ئەزموونێکی ناوازەیە بۆ ئەو یاریزانانەی بۆ یەکەمجار بەشداری تێدا دەکەن، هەربۆیە منیش هەستەکانم جیاوازە بەرامبەری.
نۆ یاریزانی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا لەگەڵ یانەکانیان بەشداری لە مۆندیالەکەدا دەکەن. توخێل دەڵێ، کێشە لە یارییەکانی پاڵەوانێتییەکەدا نییە، بەڵکو لە کاتی بەڕێوەچوونەکەیدایە، لە کاتێکدا یاریزانان پشووی پێویست وەرناگرن و بەماندووێتی وەرزی داهاتوو دەستپێدەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ